نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 338 هەزار کەس لە غەززە ئاوارە بوون

12-10-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 338 هەزار هاووڵاتیی سڤیلی غەززە لە ئەنجامی بەردەوامیی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.
 
رۆژی پێنجشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2023 ئاژانسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی سڤیل لە کەرتی غەززە بە قەبارەیەکی گەورە بەردەوامە."
 
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو 11ی ئەم مانگە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کەرتی غەززە ئاوارە بوون گەیشتووەتە 338 هەزار و 934 کەس، ژمارەکەش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.
 
نزیکەی 220 هەزار کەس لەو ئاوارانە پەنایان بۆ قوتابخانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەرتی ‌غەززە بردووە و نزیکەی 15 هەزاری دیکەیان لە قوتابخانەکانی فەلەستینییەکان پەنادراون و زیاتر لە 100 هەزاری دیکەشیان پەنایان بۆ کەنیسە و شوێنەکانی دیکە بردووە.
 
بەرپرسانی فەلەستین ئاماژە بەوە دەکەن، لانیکەم 2540 باڵەخانە و خانوو بەهۆی بۆردوومانەکانەوە خاپوور کراون.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، ژمارەی ئەوانە لە غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 1200 کەس و زیاتر لە 5600 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئامارەکانی سوپای ئیسرائیلیش ئەوە دەردەخەن کە 1200 کەسیش لە ئیسرائیل کوژراون و 1100 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە