prev
next
رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن رایدەگەیێنن، بەردەوام دەبن لە بە ئامانجگرتنی کەشتییەکانی ئیسرائیل لە دەریای سوور، ئەوەش دوای ئەوە دێت ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاری چەند وڵاتێک هێرشیانکردە سەر چەند پێگەیەکی حووسییەکان لە یەمەن.
رۆژی هەینی 12ـی کانوونی دووەمی 2024، محەممەد عەبدولسەلام، گوتەبێژی حووسییەکان لە راگەیێندراوێكدا گوتی: "دووپاتی دەکەینەوە ئەو شەڕانگێزییانەی دژی یەمەن، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، بەو پێیەی هیچ مەترسییەک لەسەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و دەریای عەرەبیدا نەبووە".
گوتەبێژی حووسییەکان باسی لە هێرشەکانی سەر کەشییە بازرگانییەکانی دەریای سوور لەلایەن حووسییەکان کرد و گوتی: "ئەو هێرشانە لە رابردوو بەردەوام بوونە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەنم بۆ سەر ئەو کەشتییە ئیسرائیلییانە و ئەوانەی کە بەرەو بەندەرەکانی فەلەستینی داگیرکراو دەڕۆن".
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی ئەو، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاریی ئوسترالیا، بەحرێن، کەنەدا و هۆڵەندا "هێرشێکی سەرکەوتوویان" کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی حووسیەکانی یەمەن.
جۆ بایدن گوتیشی: "دوودڵ نابم لەوەی فەرمان بە کردەوەی سەربازی زیاتر دژی حووسییەکان بدەم، ئەگەر پێویست بکات".
دوای هێرشەکەش، میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە رێگەی فڕۆکە و کەشتیی جەنگییەوە کراون و لە هێرشەکاندا چەند شارێکی یەمەن کراونەتە ئامانج، کە حووسییەکان تێیدا باڵادەستن.
عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی حووسییەکان لە یەمەن لە راگەیێندراوێکدا بەر لە هێرشەکە گوتبووی: "هیچ هێرشیکی ئەمریکا بەبێ وەڵام نابێت". هەروەها گوتیشی، "دوودڵ نابین لە هەر کارێک، کە پێمان بکرێت".
حووسییەکان کە بە هێزێکی نزیک لە ئێران دادەندرێن لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووشەوە هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سووری دەستپێکردووە و دەڵێن، "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ فەلەستین."
بەهۆی هەڕەشەکانی حوسییەکانەوە، تاوەکو 5ـی ئەم مانگە، لەکۆی 10 گەورە کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی، هەشتیان گەشتەکانیان لە دەریای سوور راگرتووە.
حووسییەکان، کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" دەزانن.
بەپێی ژووری کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، 12%ی بازرگانیی جیهان لە رێگەی دەریای سوورەوە دەکرێت و ساڵانەش لانیکەم 17 هەزار کەشتیی بازرگانی بە دەریای سووردا تێدەپەڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ