رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی رووسیا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ هەینی گفتوگۆ لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن بکەن.
رۆژی هەینی 12ـی کانوونی دووەمی 2024، نوێنەرایەتیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "رووسیا داوای کردووە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر یەمەن بکرێت".
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ئەمریکا و بەریتانیای بە تێکدانی دۆخی یەمەن تۆمەتبار کرد و گوتی: "هێرشی ئەمریکییەکان بۆ سەر یەمەن نموونەیەکی نوێی زانیاری ناڕاستتە لەلایەن ئەنگلۆسەکسۆنییەکان و پێشێلکارییەکی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 12ـی کانوونی دووەمی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند؛ لەسەر فەرمانی ئەو، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاریی ئوسترالیا، بەحرێن، کەنەدا و هۆڵەندا "هێرشێکی سەرکەوتوویان" کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی حووسیەکانی یەمەن.
جۆ بایدن گوتیشی: "دوودڵ نابم لەوەی فەرمان بە کردەوەی سەربازی زیاتر دژی حووسییەکان بدەم، ئەگەر پێویست بکات".
دوای هێرشەکەش، میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە رێگەی فڕۆکە و کەشتیی جەنگییەوە کراون و لە هێرشەکاندا چەند شارێکی یەمەن کراونەتە ئامانج، کە حووسییەکان تێیدا باڵادەستن.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، هێرشەکە بە فڕۆکە و کەشتی جەنگییەوە کراون و لە هێرشەکەدا چەند شارێکی یەمەن کراونەتە ئامانج، کە حووسییەکان تێیدا باڵادەستن.
محەممەد عەبدولسەلام، گوتەبێژی حووسییەکان لە راگەیێندراوێكدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشی حووسییەکان بۆ سەر دەریای سوور بەردەوام دەبێت و گوتی: "دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو شەڕانگێزییانەی دژی یەمەن، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، بەو پێیەی هیچ مەترسییەک لەسەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و دەریای عەرەبیدا نەبووە".
حووسییەکان کە بە هێزێکی نزیک لە ئێران دادەندرێن لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سووری دەستپێکردووە و دەڵێن، "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ فەلەستین."
بەهۆی هەڕەشەکانی حوسییەکانەوە، تاوەکو 5ـی ئەم مانگە، لەکۆی 10 گەورە کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی، هەشتیان گەشتەکانیان لە دەریای سوور راگرتووە.
حووسییەکان، کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" دەزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ