رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا رایدەگەیێنێت هێرشەکەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن "بۆ کەمکردنەوەی توانای حووسییەکان" بووە لە بەردەوامیدان لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور.
رۆژی هەینی، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، مایکل کورێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا – سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەریتانیا و بە پشتیوانی ئوسترالیا، کەنەدا، هۆڵەندا و بەحرێن هێرشێکی هاوبەشیان بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکان کردووە."
سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکە کاژێر 2:30 خولەکی بەیانی رۆژی هەینی بە کاتی سەنعای پایتەختی یەمەن کراوە.
ئامانج لە هێرشەکە، بەگوتەی سێنتکۆم، "بۆ کەمکردنەوەی توانای حووسییەکان بووە لە هێرشە نایاسایی و بێباکانەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییە ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سووردا".
هەروەها سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە هێرشەکەدا سیستمی رادار، سیستمی بەرگری، کۆگە و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی حووسییەکان کراونەتە ئامانج.
مایکل کورێلا گوتیشی: "ئێمە چەکدارە حووسییەکان و سپۆنسەرە ئێرانییەکانی بە بەرپرسیار دەزانین لە هێرشە نایاسایی، بێ جیاکاری و بێباکانەکان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان کە تاوەکو ئێستا کاریگەرییان لەسەر 55 وڵات هەبووە".
سێنتکۆم لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت: "کارە نایاسایی و مەترسیدارەکانی [حووسییەکان] چاوپۆشی لێناکرێت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد لەسەر فەرمانی ئەو، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاریی ئوسترالیا، بەحرێن، کەنەدا و هۆڵەندا "هێرشێکی سەرکەوتوویان" کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی حووسیەکانی یەمەن.
جۆ بایدن گوتیشی: "دوودڵ نابم لەوەی فەرمان بە کردەوەی سەربازی زیاتر دژی حووسییەکان بدەم، ئەگەر پێویست بکات".
دوای هێرشەکەش، میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێرشەکە لە رێگەی فڕۆکە و کەشتیی جەنگییەوە کراون و لە هێرشەکاندا چەند شارێکی یەمەن کراونەتە ئامانج، کە حووسییەکان تێیدا باڵادەستن.
عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی حووسییەکان لە یەمەن لە راگەیێندراوێکدا باسی لە هێرشەکە کرد و گوتی: "هیچ هێرشیکی ئەمریکا بەبێ وەڵام نابێت". هەروەها گوتیشی، "دوودڵ نابین لە هەرکارێک کە پێمان بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ