رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییانی غەززە بە نابەدڵی لە باکووری غەززەوە بەرەو باشوور دەڕۆن، رێگەی مەرگیان بڕیوە تاوەکو گەیشتوون بە گەڕەکی بورەیج، لەنێوەڕاستی شارەکە، زۆربەیان بەدەم رێگەوە بۆردوومانی سوپای ئیسرائیلیان بینیوە.
هەرچەندە ئەو گەڕەکە دوا مەنزڵگەیان نییە، ئامانجیانە بگەنە باشووری غەززە، ئەو شوێنەی پێیان وایە کەمتر بۆردوومان دەکرێت.
ئووم ئەزان، ئاوارەی بەیت لاهییەیە، لەبارەی کۆچەکەیانەوە دەڵێت، "بە ئێمەیان گوت بڕۆنە سەنتەرە سەلامەتەکان. رۆیشتینە شێڵتەرەکانی ئۆنروا. لەبەردەم قوتابخانە کەوتینە بەر تۆپباران و تۆپباران. 10 کەس کوژران لەنێویاندا برازاکەم. بەچاوی خۆم بینیم خەڵك لەبەردەممدا شەهید دەبوون. پارچە دەبوون، منداڵێک پێی گوتم ئاوم بدەرێ بەر لەوەی شەهیدبم. ئاوم دەستنەکەوت و مرد و منیش وەستابووم."
یەک ملیۆن و شەش سەد هەزار کەس ئاوارە بوون؛ 117 هەزار کەسیان لەنێو 10 نەخۆشخانەدا دەمێننەوە. بەڵام خەڵکی غەززە دەڵێن، ئیسرائیل دەست لە نەخۆشخانەکانیش ناپارێزێت.
عەلا رەجەب، یەکێکە لە ئاوارەکان، باسی بۆردوومانەکانی کرد و گوتی، "لە دەشتاییەکە پەڕینەوە و گوتمان سەلامەتین. هەندێک دانیشتین و دواتر کەوتینە ڕێ. بەڵام بە ئێف 16 بۆردوومانیان کردین. پارچەی مرۆڤ لەولاوە کەوتبوون و بریندار هەبوون. لەو شەقامە کەوتبوون. ساچمەیەک بەر رانم کەوت."
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئامانجەکەی رووبەڕووبوونەوەی حەماسە و تاکتیکی چەکدارانەی ئەو بزووتنەوەیە وایکردووە، شوێنە جیاوازەکان بۆردوومان بکات.
دانیێل هاگاری، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی غەززە روویان کردووەتە باشوور و حەماس ئەوەی لەدەستی بێت دەیکات بۆ ئەوەی نەهێڵێت ئەمە رووبدات. حەماس خەڵكی سڤیل وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنێت؛ ئامادەیە ژیانی منداڵانی غەززە بخاتە مەترسییەوە بۆ ئەوەی خۆیان سەلامەت بن. حەماسی داعشی لە نەخۆشخانەکان خۆیان حەشار دەدەن. لە سەنتەرە مرۆییەکان خۆیان حەشار دەدەن، لە قوتابخانەکان خۆیان دەشارنەوە."
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو پاساوێک بۆ کردنە ئامانجی نەخۆشخانە و قوتابخانە و شێڵتەرەکان رەتدەکاتەوە.
زیاتر لە یەک مانگ بەسەر شەڕی غەززەدا تێدەپەرێت، بەگوێرەی دوایین ئامار، زیاتر لە 11 هەزار فەلەستینی و بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل 1200 ئیسرائیلی لە شەرەکەدا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ