رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

سەربازانی ئیسرائیلی بە تانکەوە لەسەر سنووری وڵاتەکەیان و لوبنان لە 22ـی ئۆکتۆبەری 2023، وێنە: COHEN-MAGEN / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، لەوەتەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، زیاتر لە نیوەی چەکدارانی حەماس لە غەززە کوژراون یان بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە 10ـی تەممووزی 2024، یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی "ئێمە 60٪ـی چەکدارانی حەماسی تیرۆریستمان کوشتوون یان بریندار کردوو و، 24 بەتالیۆنی بزووتنەوەکەمان لەنێوبردووە."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەو گوتانەی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئیسرائیل لە نۆ مانگی جەنگەکەدا "بە باشی کاری کردووە بۆ ئەوەی ئامانجەکانی بپێکێت، حەماس لەنێوببات و بارمتەکان بگەڕێنێتەوە."
وەزیری بەرگری ژمارەی ئەو چەکدارانەی حەماسی ئاشکرا نەکرد، کە لە غەززە کوشتوویانن و گوتی، ئێستا ژمارەی کوژراوەکانی لانییە.
ئەو گوتانەی وەزیری بەگریی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، سوپای وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی لە شاری غەززە، دەوروبەری شاری رەفەح و شاری خان یونس دەستپێکردووە، لەگەڵ نێوەندگیرەکانیش لەسەرهێڵن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیازی ئاگربەست.
سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی باکووری رۆژئاوا و رۆژئاوای شاری غەززە کرد، بۆ ئەوەی ناوچەکە چۆڵبکەن و بچن بۆ شاری دێر بەلەح لە نێوەڕاستی کەرتەکە.
رۆژی یەکشەممەش، سوپاکە داوای چۆڵکردنی ژمارەیەک گەڕەکی نێوەڕاستی شاری غەززەی کردبوو.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی تەندروستی غەززە بڵاویکردوونەتەوە، لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە لانیکەم 38 هەزار 295 کەس لە غەززە کوژراون کە زۆربەیان سیڤیل بوون.
نۆ مانگە جەنگی غەززە بەردەوامە و تاوەکو ئیستاش گفتوگۆکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ