لە وزەی خۆرەوە بۆ داهاتوویەکی سەلامەتتر؛ پڕۆژە نوێیەکەی ئیمارات چییە؟

11-02-2025
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
 هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەبدولموحسین ئیبراهیم، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە دەستەی رێگەوبان و گەیاندنی ئیمارات
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەبدولموحسین ئیبراهیم، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە دەستەی رێگەوبان و گەیاندنی ئیمارات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە دەستەی رێگەوبان و گەیاندنی ئیمارات، پڕۆژەیەکی داهێنەرانە ئاشکرا دەکات کە ئاسۆی گواستنەوە لەو وڵاتە و جیهانیشدا دەگۆڕێت. 
 
عەبدولموحسین ئیبراهیم لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، بە وردی باسی لە سیستمێکی نوێی گواستنەوە کرد کە پشت بە وزەی خۆر دەبەستێت و ئامانج لێی کەمکردنەوەی دەردانی گازەکانە بۆ رێژەی سفر تاوەکو ساڵی 2050. 
 
بەگوتەی عەبدولوحسین ئیبراهیم، "ئەوە تەنها پڕۆژەیەکی تەکنەلۆژی نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بەرەو داهاتوویەکی سەلامەتتر و ژینگەیەکی پاکتر".  تیشک دەخاتەسەر تایبەتمەندییەکان، شێوازی کارکردن و جیاوازییەکانی ئەم سیستمە نوێیە لەگەڵ سیستمەکانی دیکەی گواستنەوە، هەروەها پلانی تاقیکردنەوە و جێبەجێکردنی لە ئیمارات و ئاستی جیهانیش دەخاتەڕوو.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: سوپاس. تایبەتمەندییەکانی ئەم قافڵانە چییە؟
 
عەبدولموحسین ئیبراهیم: ئەمە سیستمێکی ئاییندەیی نوێیە، بە هاوکاریی دەستەی رێگەوبان و گەیاندنی دووبەی لەگەڵ کۆمپانیای ریڵ پاس، تاقیدەکرێتەوە و پەرە بەو سیستمە دەدرێت، هەروەها لە تێڕوانینی دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتوو بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گاز بۆ سفر تاوەکو 2050، هەروەها لەگەڵ ستراتیژی دەستەی رێگەوبان و گەیاندن لە دووبەی، کە سەرجەم دەبێت سەرجەم هۆکارەکانی گواستنەوە دەردانی گاز بۆ رێژەی سفر دابەزێنن تاوەکو 2050، ئەمە سیستمێکی نوێیە و پشت بە وزەی خۆر دەبەستێت.
 
رووداو: بە وزەی خۆر کاردەکات؟
 
عەبدولموحسین ئیبراهیم: بە تیشکی خۆر پاڵپشتی دەکرێت. پێشبینیش دەکرێت ئۆتۆمبێلەکانی لەو مادانە دروست بکرێن کە دەتوانرێت دووبارە بەکاربهێنرێنەوە، بەوپێیە هاوڕێی ژینگە دەبێت. هەر عەرەبانەیەک نزیکەی 40 کەس لەخۆدەگرێت، ئەمەش ناونراوە بە ریڵ پاس، چونکە تایبەتمەندییەکانی ریڵ کە لەسەر هێڵی ئاسن دەڕوات و سیستمی کارپێکردنی هاوشێوەی سیستمی شەمەندەفەرەکانە، هەروەها هەندێک تایبەتمەندی لە پاسەکان دەچێت، لە بابەتەکانی پەیوەست بە شێوازی دیزاینی ئەو رێگایەنەی کە پێیاندا دەڕوات لە شارەکاندا.
 
رووداو: چۆن لەسەر شەقامەکان کاردەکات؟
 
عەبدولموحسین ئیبراهیم: رێگە هەن کە بە سەریاندا دەڕوات، چ لەسەر زەوی بێت یان پردەکان، یان تەنانەت لەژێر توونێلەکاندا، بۆیە رێگەکان بەگوێرەی دیزاینکردنیان لاربوونەوەیان تێدا کەمە، بۆیە تایبەتمەندییەکانی نزیکە لە ئامێرەکانی گواستنەوە. ئەم پڕۆژەیە پاڵپشتیی میترۆی دووبەی دەکات لە میلی سەرەتا و کۆتاییدا، سەرنشینەکان کاتێک لە کۆتا وێستگەدا دادەبەزن، پێویستە مەودایەک ببڕن تاوەکو دەگەنە کۆتا شوێنی دەرچوون، ئەم سیستمە بە تەواوکاری لەگەڵ سیستمی میترۆ لە دووبەی، هاوکاردەبێت بۆ خزمەتکردنی سەرنشینان لە میلی یەکەم و کۆتاییدا.
 
رووداو: جیاوازیی ئەم قافڵانە لە چیدایە؟
 
عەبدولموحسین ئیبراهیم: ئەم قافڵانە خۆشۆفێرن، بێ شۆفێرە، واتا پێویستیان بە شۆفێر نییە، ئەمەش هاوکاری ستراتیژییەکانمان دەکات لە دەستەی رێگەوبان، بەو واتایەی 25٪ـی ئەو گەشتانەی کە دانیشتووانی دووبەی دەیکەن تاوەکو ساڵی 2030 دەگوازرێتەوە بۆ ئەم سیستمەی بێ شۆفێری، ئەو سیستمانەی کە لە دووبەی هەمانە وەکو میترۆ و هۆکارەکانی دیکەی گواستنەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر ئەم سیستمە.
 
رووداو: کەی کارکردن دەستپێدەکات؟
 
عەبدولموحسین ئیبراهیم: ئێستا هەوڵی پەرەپێدانی دەدەین بە هاوکاری لەگەڵ کەرتی تایبەت لە رێگەی کۆمپانیای ریڵ پاس، کار بۆ پەرەپێدان و لێکۆڵینەوە و وردبوونەوە لە رێکارەکانی پەرەپێدانی ئەم سیستمە، چ سیستمی کارپێکردن بێت یاخوود عەرەبانەکانی بێت، کە رەنگە لەماوەی ساڵێک یان دووساڵ ئەنجامەکانی دەربچێت، ئەگەر ئەنجامەکانی دەرچوو ئەوکات لە ناوچەیەک لە ناوچەکانی ئیمارات تاقی دەکرێتەوە.
 
رووداو: تەنیا لە دووبەی دەبێت یان هەموو ئیمارات؟
 
عەبدولموحسین ئیبراهیم: ئێستا بۆ تاقیکردنەوەی لە دووبەی کاری پێدەکرێت، ئەگەر لە تاقیکردنەوەکەی سەرکەوتووبوو، ئەوکات دەتوانرێت لە هەر شارێکی دیکەی جیهان تاقی بکرێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە