نەتەوە یەکگرتووەکان: بنیاتنانەوەی غەززە پێویستی بە 53 ملیار دۆلارە

11-02-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، پێشبینی دەکەن بنیاتنانەوەی غەززە و کۆتاییهێنان بەو "کارەساتە مرۆییە"، پێویستی بە لانیکەم 53 ملیار دۆلار بێت.
 
رۆژی سێشەممە، 11ـی شوباتی 2025، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "بە تەواوەتی هەڵسەنگاندن بۆ پێداویستییەکانی بنیاتنانەوەی غەززە نەکراوە، بەڵام هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان دەریدەخەن پێویستییەکی گەورە بۆ بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە هەیە."
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، بنیاتنانەوەی غەززە لە سێ ساڵی سەرەتادا پێویستی بە 20 ملیار دۆلارە. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر چەندین جار رایگەیاندبوو، ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێویستی بە هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی هەیە و ئاماژەی بەوەش کردبوو، تەنیا پاککردنەوەی داروپەردووی غەززە لانیکەم 15 ساڵی پێویستە. 
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، پلانێکی 60 رۆژەیان هەیە بۆ ئەوەی سیستمی تەندروستیی کەرتەکە بخەنەوە سەرپێی خۆی بۆ ئەوەی بتوانێت چارەسەری بریندارانی کەرتەکە بکات. 
 
پلانەکەی تەندروستیی جیهانی خۆی لە نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکان دەبینێتەوە. لە غەززە 36 نەخۆشخانە هەن، بەڵام تەنیا 16یان کار دەکەن و ئەوانیش بەرگەی ئەو ژمارە زۆرەی بریندارانی کەرتەکە ناگرن. 
 
بەگوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەنگی غەززە زیانێکی زۆری بە ژێرخانی کەرتەکە گەیاندووە، زیاتر لە 60٪ـی خانووەکانی کەرتەکە و نزیکەی 80٪ـی قوتابخانەکانی وێران بوون یان زیانیان بەرکەتووە. 
 
جەنگەکە بووە هۆی ئەوەی نزیکەی 47 هەزار کەس بکوژرێن و زیاتر لە 111 هەزاری دیکەش بریندار بن. ئەوەش جگە لە ئاوارەبوونی زیاتر لە 90٪ـی دانیشتووانەکەی کە دەکاتە نزیکەی 1.9 ملیۆن کەس. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە