رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەگەر ئوردن و میسر بە داواکەی بۆ وەرگرتنی فەلەستینییەکانی غەززە رازی نەبن، ئەوا چیدی هاوکارییان ناکات.
رۆژی دووشەممە 10ی شوباتی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی پرسیاری ئەوەی لێکرا، ئایا راستە ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ میسر و ئوردن رادەگرێت، ئەگەر فەلەستینییەکان وەرنەگرن؟ ترەمپ لە وەڵامدا گوتی، "بەڵێ، لەوانەیە، بە دڵنیاییەوە، بۆ نا؟"
رۆژی دووشەممە، ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، دەیەوێت فەلەستینییەکان بۆ 6 شوێنی دیکە بگوازێتەوە.
لەوبارەیەوە سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "ئێمە کۆمەڵگەی پارێزراو دروست دەکەین، کە کەمێک لەو شوێنەی ئەوان لێی دەژین [غەززە] دوورە، لەو شوێنە دوورە کە ئەو هەموو مەترسییەی لێیە."
ترەمپ غەززەی بە شوێنێکی نەشیاوی نیشتەجێبوون ناوبرد و رایگەیاند، پێیوایە دەتوانێت لەگەڵ ئوردن و میسر رێکبکەوێت ساڵانە "ملیاران" دۆلاریان پێبدات بۆئەوەی فەلەستینییەکان لەوێ نیشتەجێ بکرێن.
ئەمریکا ساڵی 2023 نزیکەی 1.7 ملیار دۆلاری وەکو هاوکاری پێشکێش بە ئوردن و 1.5 ملیار دۆلاریشی پێشکێش بە میسر کردووە.
رۆژی دووشەممە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بەدر عاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە واشنتن کۆبوونەوە و رۆبیۆ باسی لە 'گرنگیی هاوئاهەنگی بۆ قۆناخی دوای جەنگی غەززە' کرد. ئاماژەی بەوەش کرد، هەرگیز نابێت حەماس جارێکی دیکە حوکمی غەززە بکات.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند، بەدر عاتی لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ روبیۆ رەتیکردووەتەوە رێگە بە گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە بدەن.
رۆژی 04-02-2025 دۆناڵد ترەمپ پێشوازیی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، بیرۆکەی ئەو بۆ غەززە ئەوەیە، وڵاتانی ناوچەکە غەززەییەکان وەربگرن و ئەمریکا دەست بەسەر ئەو کەرتەدا بگرێت و بیکاتە ناوەندێکی نێودەوڵەتیی بازرگانی.
ئەو بیرۆکەیەش ناڕەزایەتیی لە بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی رۆژئاوایی بەدوادا هات.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشوازیی لە بیرۆکەکەی ترەمپ کرد و بە "خاڵێکی وەرچەرخان" ناوی برد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ