رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئیسرائیل ئامادەنین بە هیچ شێوەیەک ئاگربەست رابگەیێنن تاوەکو حەماس هەموو بارمتەکان ئازاد نەکات، بەڵام دەڵێن، رێڕەوێکی مرۆییان کردووەتەوە بۆ ئەو سڤیلانەی دەیانەوێت باکووری کەرتەکە بەرەو باشووری جێبهێڵن.
ئەمە لەکاتێکدا روودەدات کە غەززە، بەتایبەت بەشی باکووری کەرتەکە، بە هەزاران سەربازی ئیسرائیلی دەورەدراوە.
سەربازێکی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "ئێمە گەڕانی سەربازیمان بە دەوری شاری غەززە تەواو کرد و ئێستاش لە نێوەڕاستی غەززەین، لێرە رێڕەوێکی مرۆیی هەیە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کراوەتەوە و رێگە بە خەڵک دەدات لە باکوورەوە بەرەو باشوور بڕۆن بۆ ئەوەی تیرۆریستانی غەززە و خەڵکی سیڤیلی غەززە لە یەکدی جیا بکرێنەوە".
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، پارێزگاری لە رێرەوە مرۆییەکە دەکەن و هاووڵاتییانی سیڤیلی غەززە دەتوانن بەبێ کێشە بەرەو باشووری کەرتەکە بڕۆن.
رێڕەوەکە لە بەیانی رۆژی چوارشەممەوە کراوەتەوە و لەوکاتەوەش هەزاران هاووڵاتی پێیدا تێپەڕیون.
رۆژانە سوپای ئیسرائیل چوار کاژێر دادەنێت بۆ هاووڵاتییان و لە ماوەی ئەو چوار کاژێرەدا دەتوانن بە رێڕەوە مرۆییەکەدا تێپەڕن.
سەربازێکی دیکەی ئیسرائیلی دەڵێت، "ئێمە لە نێوەڕاستی کەرتی غەززەین، لە تەنیشت رێڕەوە مرۆییەکەی سوپای ئیسرائیل، سەیر بکەن کە سوپای ئیسرائیل چۆن رێڕەوە مرۆییەکە و خەڵکی غەززە لە تیرۆریستانی حەماس دەپارێزێت".
بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل لەوەتەی رێڕەوە مرۆییەکە کراوەتەوە، زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتی سیڤیلی غەززە لە باکوورەوە بەرەو باشووری کەرتەکە کۆچیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ