سوپای ئەمریکا: بەریتانیا و فەرەنسا 18 درۆنی حووسییەکانیان لە دەریای سوور خستوونەتە خوارەوە

10-01-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دوێنێ سێشەممە هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا 18 درۆن و سێ مووشەکی کرووزیان لە دەریای سوور خستوونەتە خوارەوە، کە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور کراون.
 
رۆژی چوارشەممە 10ی کانوونی دووەمی 2024 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "حووسییەکانی نزیک لە ئێران بە کۆمەڵێک درۆنی دروستکراوی ئێران و مووشەکی کرووزی دژە تانک، لە یەمەنەوە هێرشیان کردە سەر باشووری دەریای سوور."
 
سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، درۆنەکان و مووشەکەکان بە هاوبەشی لەنێوان سوپای ئەمریکا و هێزەکانی بەریتانیا خراونەتە خوارەوە.
 
رۆژی 19ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، ئەمریکا هاوپەیمانێتییەکی بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریای سوور دژی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان راگەیاند.
 
بەگوێرەی سوپای ئەمریکا، ئەو هێرشەی حووسییەکان، 26ـەمین هێرشی حووسییەکانە کە لە 19ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە کردوویانەتە سەر رێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سوور.
 
حووسییەکان بە هێزێکی نزیک لە ئێران دادەنرێن، لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور دەستپێکردووە و دەڵێن، "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ فەلەستین."
 
یەکەم هێرشی دەریایی حووسییەکان دوای شەڕی غەززە، رۆژی 19-11-2023 بوو، کاتێک بە هێلیکۆپتەر هێرشیان کردە سەر کەشتییەک بەناوی "گالاکسی لیدەر" و بە 25 کارمەندەوە رفاندیان.
 
دوایین هێرشیشیان لە رۆژی دووشەممە، 18ی کانوونی یەکەمی 2023 بوو، کاتێک حووسییەکانی یەمەن لە راگەیێندراوێکدا گوتیان، "هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بۆ سەر دوو کەشتیی سەر بە قەوارەی زایۆنی ئەنجام دا."
 
رۆژی 15-12-2023 دوو گەورە کۆمپانیای بازرگانیی کەشتی لە جیهان بە ناوەکانی مایەرسک (Maersk) و هاپاگ لۆید (Hapag-Lloyd) بڵاویانکردەوە، "بەهۆی هێرشی حووسییەکانی یەمەنەوە گەشتی کەشتییەکانیان لە دەریای سوورەوە وەستاندووە."
 
بەهۆی هەڕەشەکانی حووسییەکانەوە، تاوەکو 5ی ئەم مانگە، لە کۆی 10 گەورە کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی، 8یان گەشتەکانیان لە دەریای سوور راگرتووە.
 
حووسییەکان، کە لە ساڵی 2014وە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی بەرگری" دەزانن.
 
بەپێی ژووری کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، 12%ی بازرگانیی جیهان لە رێگەی دەریای سوورەوە دەکرێت و ساڵانەش لانیکەم 17 هەزار کەشتیی بازرگانی بە دەریای سووردا تێدەپەڕن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە