رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ کوژرانی سەربازێکی دیکەی لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە راگەیاند. دوێنێ چوارشەممەش کوژرانی دوو سەربازی راگەیاندبوو، بەمەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکە بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ 34 کوژراو بەرزبووەوە.
بەپێی ئامارەکانی هێزی بەرگریی ئیسرائیل، کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی لەوەتەی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە گیانیان لەدەستداوە، بۆ 1600 کەس بەرزبووەتەوە، بەرپرسانی فەلەستینیش دەڵێن، زیاتر لە 10 هەزار و 569 کەس لە فەلەستین کوژراون، کە چوار هەزار و 324 کەسیان منداڵن و هەشت هەزار و 823ـشیان ژنن.
تاوەکو ئێستا حەماس ئاماری قوربانییانی خۆی لە شەڕی ئیسرائیل رانەگەیاندووە، بەڵام ئیسرائیل لای خۆیەوە کوژرانی چەندین فەرماندە و چەکداری حەماس و خاپوورکردنی زیاتر لە 130 دەرچەی توونێلی ئەو بزووتنەوەیەی راگەیاندووە.
سەختترین شەڕ و پێکدادان لە باکووری غەززەیە، بەگوتەی دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل "حەماس کۆنترۆڵی باکووری غەززەی لەدەستداوە."
هاگاری گوتی، ئەندازیارانی سوپا لەنێو غەززەدا مین و تەقەمەنی بۆ خاپوورکردنی توونێلەکانی حەماس بەکاردەهێنن، کە بە گوتەی ئەو، بە سەتان کیلۆمەتر درێژن.
ئیسرائیل، حەماس بە کوشتنی خەڵکی سیڤیلیش لە غەززە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت حەماس دانیشتووانی غەززە وەک قەڵخانی مرۆیی بۆ شاردنەوەی چەک و ئۆپەراسیۆن لە ناوچە سیڤیلنشینەکان بەکاردەهێنێت.
شەڕی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین دوای ئەوە هەڵگیرسا، کە چەکدارانی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر هێرشیانکردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە 1400 کەسیان کوشت، زیاتر لە 240 کەسیشیان بە بارمتەگرت کە تاوەکو ئێستا زۆربەی بارمتەکان لەدەستی حەماس ماونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ