وەزیری دەرەوەی ئێران: لە پاڵپشتیکردنی موقاوەمە بەردەوام دەبین

09-02-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی ئیران بە سەردانێک لە لوبنانە و دەڵێت، وڵاتەکەی لە پاڵپشتیکردنی "موقاوەمە" بەردەوام دەبێت، ئاماژە بەوەش دەکات، ''دەبێ ئەمریکا پاڵپشتییەکانی بۆ ئیسرائیل بوەستێنێت''.
 
ئەمڕۆ هەینی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە رایگەیاند، ''کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاڵپشتیی بەرەی موقاوەمە و حیزبوڵڵا بەردەوام دەبێت".
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتی، ئاسایشی لوبنان بە ئاسایشی ئێران و ناوچەکە دەزانن و بە هەموو تواناوە هەوڵی پاراستنی دەدەن.
 
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ، هێشتا شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بەردەوامە و ئاڵۆزیشی خستووەتە ناوچەکە. وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، ''رژێمی زایۆنی تا ئێستا هیچ کام لە ئامانجەکانی نەپێکاوە و بە تەواوی لەم شەڕەدا شکستیهێناوە".
 
سەردانەکە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە بوو و ئامانجێکی سەرەکیشی هەوڵدان بوو بۆ هەبوونی ئاگربەستێکی نوێ لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا. 
 
هەوڵەکە بەهۆی جیاوازی لە داواکارییەکانەوە شکستی هێنا. بزووتنەوەی حەماس داوای وەستانی جەنگی بۆ 135 رۆژ و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەکرد، بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل زوو داواکارییەکانی رەتکردنەوە.
 
لە 7-10-2023 چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل نزیک لە کەرتی غەززە. ئەمریکا پاڵپشتیکارێکی گەورەی ئیسرائیلە لە جەنگەکەدا، هەرچەندە رەخنەیشی لێ دەگرێت، بە تایبەتی بەهۆی گیانلەدەستدانی خەڵکێکی زۆری سڤیلەوە. ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتی، ''چەندین جار بە ئەمریکامان گوتووە کە پاڵپشتیی لە تاوانەکانی رژێمی زایۆنی نەکات کە دەبێتە هۆی زیاتر تێوەگلانی خۆی لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا.''
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ''لە سەرەتای دورستبوونی گرژییەکانەوە گوتوومانە کە شەڕ چارەسەر نییە و درێژەپێدانی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا لە رژێمی زایۆنی، هیچ ئەنجامێکی جگە لە شکستهێنانی بە تەواوەتی نابێت.''
 
مەبەست لە وشەی "موقاوەمە" ئەو گرووپانەن کە لە ناوچەکەدا هەن و ئێران پاڵپشتیکاری زۆربەیانە. 
 
ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق خۆیان وەک "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبەن و لە 17-10-2023وە دەیان هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. 
 
حووسییەکانی یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنانیش لەو گرووپانەن کە ئێران پاڵپشتییان دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دروزەکان کێن؟ ئەوەی پێویستە لەبارەی ئایینەکەیانەوە بیزانیت

دروزەکان کێن؟ ئەوەی پێویستە لەبارەی ئایینەکەیانەوە بیزانیت

دروزەکان لە ماوەی نێوان ساڵانی 1017-1020ی زایینیدا دەستیان بە بانگەشەکردن بۆ ئایینەکەیان کرد و تاوەکو ساڵی 1043ی زایینی درێژبووەوە. دوای ئەوە دەرگەی داخرا، تایبەت بوو بە ئەوانەی کە لە سەرەتادا باوەڕیان بە ئایینەکە هێنا و کوڕەکانیان و ئەوانەی لێیان لەدایک دەبوون، ئیدی پەیوەندی بە ئایینی دروزییەوە بووە شتێکی قەدەخەکراو، مەگەر لە بنەڕەتدا دروزیی بووبێت.