prev
next
رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی غەززە نوێترین ئاماری کوژراوانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 27,947 کەس لە کەرتەکە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
ئەمڕۆ هەینی، تەندروستیی غەززە نوێترین ئاماری زیانە مرۆییەکانی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، هەروەها لەو چوار مانگەی رابردوودا، 67,459 کەسی دیکەش بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بریندار بوون.
تەندروستی غەززە ئەوەشی راگەیاندووە، کە تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا 107 کەس لە کەرتەکەدا کوژراون.
ئاژانسی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە، کە 17 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە بەهۆی شەڕەوە لە خێزانەکانیان دابڕاون و ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی هەموو منداڵانی غەززە پێویستیان بە پشتیوانی دەروونی هەیە.
زیاتر لە چوار مانگە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند.
ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
رۆژی 24-11-2023 ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دوو جار درێژکرایەوە، جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
لە ماوەی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
لە چەند هەفتەی رابردوو، بە نێوەندگیری میسر و قەتەر گفتوگۆی راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوام بوو، بەڵام رۆژی چوارشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل مەرجەکانی حەماسی بۆ ئاگربەست رەتکردەوە و داوای لە سوپا کرد ئامادەکاری بکەن بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێیوایە ملکەچبوون بۆ داواکاری حەماس دەبێتە هۆی "کۆمەڵکوژییەکی دیکە".
بزووتنەوەی حەماس داوایدەکرد، ئاگربەستێک بۆ ماوەی چوار مانگ و نیو رابگەیێندرێت؛ هەروەها داواشی کردبوو ئیسرائیل سەرجەم هێزەکانی لە غەززە بکشێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ