رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، سەرکردەیەکی حەماسیان بە ناوی حەسەن عەکاشە لە سووریا کوشتووە. سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوەش دەکات، عەکاشە بەرپرسیارێتیی ئەو رۆکێتانەی لەسەر بووە کە ئاراستەی ئیسرائیل کراون.
رۆژی دووشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2024، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا کوشتنی حەسەن عەکاشە، سەرکردەی حەماسی لە شارۆچکەی بەیت جەنین لە سووریا پشتراستکردەوە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوەکەیدا گوتیشی: "ئەو بەرپرسیاری ئەو هێرشانە بوو کە لە چەند هەفتەی رابردوودا بە رۆکێت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سووریاوە، ئاراستەی ناوچەکانی ئیسرائیل کراون".
ئەوە دووەم سەرکردەی حەماسە لە ماوەی هەفتەیەکدا لەلایەن ئیسرائیلەوە بکوژرێن.
رۆژی سێشەممە، 2ـی کانوونی دووەمی 2024، نووسینگەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە گەڕەکێکی باشووری بەیرووت کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا حەوت کەس کوژران و 11ـی دیکەش برینداربوون. دواتر حەماس رایگەیاند، ساڵح عارووری، بەرپرسی باڵای بزووتنەوەکە و شەش ئەندامی باڵای دیکەیان لەو هێرشەدا کوژراون کە دووانیان فەرماندە بوون لە کەتیبەکانی قەسام.
عارووری بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی حەماسیش بووە لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین. لە ساڵانی رابردوودا زۆربەی کاتەکانی لە بەیرووت ژیاوە و لەوێ وەکو باڵیۆزی حەماس لای حیزبوڵڵا کاری کردووە. هەروەها بە کەسێکی نزیک لە یەحیا سینوار، باڵاترین بەرپرسی حەماس لەنێو کەرتی غەززە دانراوە.
سێ مانگە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد، رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنینی"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستی غەززە، لە غەززە لانیکەم 23 هەزار کەس کوژراون و لە ئیسرائیلیش، هەزار و 200 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ