نەتەوە یەکگرتووەکان: 11 کارمەندمان لەلایەن حووسییەکانەوە دەستگیر کراون

08-06-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 11 کارمەندیان لە یەمەن لەلایەن حووسییەکانەوە دەستگیر کراون، داواش دەکات دەستبەجێ ئازاد بکرێن.
 
ستیڤان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک گوتی، "زۆر نیگەرانی ئەو پێشهاتەین. داوا دەکەین بەرپرسانی حووسییەکان لە رەوشی ئەو گیراوانە ئاگادارمان بکەنەوە و رێگە بە دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بدرێت سەردانیان بکەن."
 
لەو 11 کەسەی حووسییەکان دەستگیریان کردوون، نۆیان پیاون و دووانیشیان ژنن و کارمەندی پێنج ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن بوون.
 
تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرسێکی حووسییەکان هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی ئاشکرا نەکردووە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر دوو پێگەی حووسییەکان لە شاری حودەیبە و شاری سەنعا.
 
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، ئەمریکا و بەریتانیا، بە جیا و بە هاوبەشی، چەندینجار هێرشیان کردووەتە سەر حووسییەکان لە یەمەن.
 
پێشتریش حووسییەکان لە ساڵی 2021دا دوو کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکانیان دەستگیر کردبوو؛ لە ساڵی 2023ش دوو کارمەندی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان دەستگیر کرد.
 
حووسییەکان کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی موقاوەمە" دەزانن.
 
حووسییەکان لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە کە لە ئۆکتۆبەری رابردوو دەستیپێکرد، وەکو هاوسۆزییەک بۆ فەلەستین، ‌هێرشییان بۆ سەر رێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سوور دەستپێکرد.
 
هێرشی حووسیەکان کەشتییە بازرگانییەکانی ناچار کردووە خۆیان لە دەریای سوور بەدووربگرن کە رێڕەوێکی گرنگە و 12%ی کۆی بازرگانیی جیهانی پێیدا دەڕوات.
 
ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هێرش و زیانەکانی حووسییەکان، بە هاوبەشیی چەند وڵاتێک هاوپەیمانێتییەکی بۆ پاراستنی دەریای سوور راگەیاندووە لەوانەش بەریتانیا، بەحرێن، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، یۆنان و ئیسپانیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شوێنی بۆردوومانێکی سوپای ئەمریکا بۆسەر سەنعای پایتەختی یەمەن. وێنەکە ناوەندی دەستبەسەرکردنەکەی سەعدە نییە و بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە: AFP

حووسییەکانی یەمەن: لە هێرشێکی ئەمریکادا بۆسەر ناوەندێکی دەستبەسەرکردن، 30 کەس کوژران

حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندێکی دەستبەسەرکردن کە تایبەت بووە بە مانەوەی کۆچبەران لە شاری سەعدەی باکووری یەمەن، لە ئەنجامدا لانیکەم 30 کەس کوژراون