ئەڵمانیا کەشتییەکی جەنگی ناردە دەریای سوور

08-02-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە چوارچێوەی ئەرکێکی پلان بۆ داڕێژراوی یەکێتیی ئەوروپا، ئەڵمانیا کەشتییەکی جەنگیی جۆری فریگەیتی ناردە دەریای سوور کە ئامانج لێی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانە لە هێرشی حووسییەکان.
 
یان کریستیان کاک، سەرۆکی هێزی دەریایی ئەڵمانیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ناردنی کەشتیی جەنگیی فریگەیت "دەبێتە جیدیترین بەشداریی یەکەیەکی هێزی دەریایی ئەڵمانیا لە چەندین دەیەی رابردوودا".
 
حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، لە مانگی تشرینی دووەمی پارەوە زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەستپێکردووە کە بە دەریای سووردا دەڕۆن.
 
حووسییەکان دەڵێن، ئامانج لە هێرشەکانیان هاوسۆزییە لەگەڵ فەلەستین دژی ئیسرائیل.
 
پشێوییەکان وایکردووە هەندێک لە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی رێڕەوی گەشتەکانیان لە دەریای سوور دووربخەنەوە، ئەمەش وایکردووە رێگەکەیان درێژتر ببێتەوە، بەوەش تێچووەکانیان زیاد دەکات.
 
سەرۆکی هێزی دەریایی ئەڵمانیا دەڵێت، "کەشتییەکە لە بەندەری ڤیلهێمشهاڤێن لە باکووری ئەڵمانیاوە بەڕێکەوتووە، 240 ئەندامی هێزی دەریایی ئەڵمانیا لەسەر کەشتییەکەن."
 
کاک ئاماژەی بەوەشکردووە، "کەشتییەکەی فریگەیت دەتوانێت وەڵامی هێرشەکان بداتەوە،  لەوانە مووشەک، درۆن و بەلەمی بۆمبڕێژکراو."
 
کەشتییەکە ئەرکی یاوەریکردنی کەشتییە بازرگانییەکان و رێگریکردن لە هێرشەکانی پێ دەسپێردرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت ئەرکەکەی لەلایەن پەرلەمانی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپاوە پشتڕاستبکرێتەوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە یەکێتیی ئەوروپا بیر لە ئەرکێکی دەریایی دەکاتەوە بۆ باشترکردنی ئاسایشی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور. بۆ ئەو مەبەستەش، دەکرێت بڕیارێک پێش کۆبوونەوەی داهاتووی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە 19ـی شوبات رابگەیەندرێت.
 
وڵاتانی وەک ئیتاڵیا، فەرەنسا و بەلجیکاش ئاماژەی ئەوەیان بەدەستەوە داوە کە ئارەزوومەندن بۆ ئەرکێکی هاوشێوە. بەپێی ژووری کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، 12٪ـی بازرگانیی جیهان لە رێگەی دەریای سوورەوە دەکرێت.
 
زۆرینەی بازرگانیی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە رێگەی دەریای سوور و کەناڵی سوێسەوە دەکرێت کە دەچێتەوە سەر دەریای ناوەڕاست.
 
بەپێی پلاتفۆڕمی "پۆرت وۆچ"ـی سەر بە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو کە تایبەتە بە چاودێریکردنی بەندەرەکان، تاوەکو 16ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، تێپەڕینی کەشتییە بازرگانییەکان لە کەناڵی سوێس 37٪ دابەزیوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە