ئەکتەر و گۆرانیبێژە کوردەکەی ئیسرائیل لە غەززە بریندار بوو

08-01-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
ئیدان ئامێدی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ و ئەکتەری بەناوبانگی ئیسرائیل، کە بە رەچەڵەک کوردە. وێنە: YES STUDIOS
ئیدان ئامێدی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ و ئەکتەری بەناوبانگی ئیسرائیل، کە بە رەچەڵەک کوردە. وێنە: YES STUDIOS
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
میدیا و بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند، ئیدان ئامێدی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ و ئەکتەری بەناوبانگی ئیسرائیل، کە بە رەچەڵەک کوردە، لە شەڕی دژی چەکدارانی حەماس لە شاری خان یونس لە کەرتی غەززە، بە سەختی بریندار بووە.
 
رۆژی دووشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2024، میدیای ئیسرائیل، برینداربوونی ئیدان ئامێدی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، "برینەکەی سەختە و گواستراوەتەوە نەخۆشخانە."
 
هاوکات، کارمێل شاما، پارێزگاری شاری رامات، رایگەیاند، "ئیدان ئامێدی بە قورسی لە غەززە بریندار بووە؛ ئەمڕۆ بە یەكێک لە رۆژە سەختەکانی سوپای ئیسرائیل دادەندرێت".
 
ئیدان لە ساڵی 2017 بەشداری لە زنجیرە درامایەکدا بەناوی (Fauda) کردووە و تێیدا رۆڵی کەسێکی بەناوی ساگی تزور بینیوە.
 
بەگوێرەی میدیای عەرەبی، دوای ئەوەی چەند سەربازێکی سوپای ئیسرائیل کە ئیدانیش یەکێک بووە لەوان، هەوڵیانداوە چەند بارمتەیەک لەدەست چەکدارانی حەماس دەربهێنن، چەکدارانی حەماس رووبەڕوویان بوونەتەوە و بەوهۆیەوە چەند سەربازێکی سوپای ئیسرائیل بریندار بوون. 
 
لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، دوای ئەوەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکرد، ئیدان چووە ریزی سوپای ئیسرائیل.
 
ئیدان، دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، چەند گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و بە جلی سوپای ئیسرائیل دەرکەوت و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ گەل و سەربازانی ئیسرائیل، ئیدان ئامێدی لێرەیە؛ وەکو دەبینن، من ئەمڕۆ جلێکی تۆزێک جیاوازم لەبەرکردووە، ئەوەی دەیبینن دیمەنێکی فیلمی Fauda نییە، ئەوە ژیانی راستییە".
 
ئیدان لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی دیکەدا دەرکەوتووە و چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات و دژی حەماس شەڕ بکات. 
 
ئیدان ئامێدی، هونەرمەندێکی گۆرانیبێژی بەناوبانگە لە ئیسرائیل، بە رەچەڵەک کوردە، لە ئۆرشەلیم لەدایکبووە.
 
ئیدان لە ساڵی 2020، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، بەنیازە لە داهاتوودا سەردانی ئامێدی بکات و ئاهەنگێکی گۆرانی سازبکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە