سووریا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا ئاسایی بکاتەوە؛ هەڵوێستی ئەمریکا چییە؟

11-10-2023
دیار کوردە @diyarkurda
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا. وێنە: AFP
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بۆچوونی جیاواز لەسەر هەوڵەکانی حکومەتی سووریا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دروستبووە. هەندێک لە وڵاتان پێیان وایە دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەسەد بکرێت، ئەمریکاش دژی ئەو وڵاتانە ناوەستێتەوە کە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتەکەدا دروستدەکەن.
 
ئەمریکا دەیەوێت گوشاری زیاتر لەسەر سووریا دروستبکات، بۆ ئەوەی پرسی ماددەی هۆشبەر وەک چەکێک دژ بە وڵاتانی دیکە بەکارنەهێنێت.
 
حکومەتی سووریا خەریکە وردە وردە، دەگەڕێتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەش ئاسایی دەکاتەوە.
 
ئەو گەڕانەوەیەی سووریا بۆ نێو گۆڕەپانی وڵاتانی عەرەبی بۆچوونی جیاوازی دروستکردووە، بەشێکیان پێیان وایە ئەسەد راستییەکە و دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەشێکی دیکەش بۆچوونەکانیان ئەوەیە چارەنووسی ئەسەد رۆشتنە و ئەو هەوڵانەش لە کۆتاییدا شکست دەهێنن.
 
یاسر تەبارا، ئەندامی دامەزرێنەری کۆڕبەندی سووری بە رووداوی گوت: ئێمە دەزانین هەموو هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ رژێمی سووریا کە لە رابردوو دراون، شکست دەهێنن، هۆکارەکەشی روونە کە حکومەتی سووریا نە توانای هەیە و نە خواستیشی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی داواکاری وڵاتانی ناوچەکە؛ ئەمە هەم بۆ داواکارییە ئەمنییەکان و هەمیش بۆ داواکارییەکانی دیکە کە پێویستە حکومەتی سووریا بیکات تاوەکو لە بەرامبەردا بگەڕێتەوە نێو کۆمکاری عەرەبی."
 
ئێستا لە واشنتن پرسی سووریا پرسێکی زیندووە، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە بە بەردەوام چاویان لەسەر رووداوەکانی سووریایە، بەڵام پرسێک کە تاوەکو ئێستا زیاتر قسەی لەسەر دەکرێت، بەرهەمهێنان و فرۆشتنیەتی لەلایەن سووریا و ناردنی بەقاچاخ بۆ وڵاتانی دیکە، بەشێک لە لێکۆڵینڤانان بۆچوونیان وایە حکومەتی سووریا. پرسی ماددەی هۆشبەر وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ گەڕانەوە بۆ نێو جیهانی عەرەبی بەکاردەهێنێت، بۆیەش ئێستا حکومەتی ئەمریکا خەریکە ستراتیژییەتێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پرسە جێبەجێ دەکات.
 
کاڕۆڵین رۆز، بەڕێوەبەری ناوەندی نیولاینز دەڵێت: "ئەمریکا ئێستا کار لەسەر ستراتیژییەتێکی هاوبەشی نێوان ئاژانسەکان کاردەکات کە وادەخوازێت هەموو وەزارەتەکان و ئاژانسەکان کە توانای چاودێری و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لە سووریا و ناوچەکەش هەیە، هاوئاهەنگی و گفتوگۆیان هەبێت، هاوکات هەوڵی زیاتر بدەن بۆ باشترکردنی گفتوگۆ و هاوئاهەنگییەکان لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە و هانی ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری زیاتر بدەن." 
 
حکومەتی ئەمریکا دژایەتی هیچ وڵاتێک ناکات تاوەکو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا ئاسایی بکەنەوە، بەڵام خۆیان هێشتا حکومەتی سووریا بە حکومەتێکی خۆسەپێن و ناشەرعی دەبینن و لەو هەوڵانەشیان بەردەوامدەبن تاوەکو چارەسەرێکی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ دۆخی سووریا بدۆزنەوە، دەشیانەوێت گوشارەکانی سەر حکومەتی سووریا زیاتر بکەن، تاوەکو چی دیکە پرسی ماددەی هۆشبەر وەک چەکێک لە دژی وڵاتێک بەکارنەهێنن.
 
ئیسان گۆڵد ریچ، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا گوتی: ئێمە ناتوانین رۆڵی سەرەکی رژێمی ئەسەد و هەروەها گرووپە تێکدەرە هاوبەشەکانیان لە سووریا فەرامۆش بکەین، هەروەها لە نزیکەوە کاردەکەین لەگەڵ هاوبەشە عەرەب و بەریتانی و ئەوروپییەکانمان و لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش کاردەکەین بۆ خێراکردنی پڕۆسەیەکی سیاسی بۆ کێشەکانی سووریا لە ژێر رۆشنای بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش 2254، ئەم هەوڵانە لایەنی دیپلۆماسیش دەگرێتەوە تاوەکو گوشار لە ئەسەد بکرێت رەفتارەکانی خۆیی و لایەنەکانی دیکە وەک حیزبوڵڵا جڵەوبکات لە دروستکردن و قاچاخچیکردن بە ماددەی هۆشبەر."
 
بەهۆی قەیرانە جیهانییەکانی دیکەی وەک شەڕی ئۆکراینا، بەرپرسانی کۆشکی سپی کەمتر تواناکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا تەرخان دەکەن، بەڵام هێشتا ئەو مەلەفە لە واشنتن بەتەواوەتی هەڵنەگیراوە و فەرامۆش نەکراوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە