پێنتاگۆن: لە هێرشەکانی ئەم دواییانەدا 45 سەرباز و کارمەندمان لە عێراق و سووریا بریندار بوون

06-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، لە هێرشەکانی ئەم دواییانەی سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا، لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندی ئەمریکی بریندار بوون.
 
رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە لە عێراق 20 جار و لە سووریاش 18 جار کە کۆی گشتی دەکاتە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانمان و بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندمان بە سووکی بریندار بوون".
 
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتی هێرشەکەدا کارمەندەکان زەبر بەر مێشکیان کەوتووە. 
 
پێشتر ئەمریکا رایگەیاندوو، 21 کارمەند و سەربازی هێزەکانی لە عێراق و سووریا بەهۆی هێرشی گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە بریندار بوون. 
 
لە 17ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە، لانیکەم 38 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و زۆربەی هێرشەکانیش لە رێگەی درۆنەوە کراون. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، شەوی یەکشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2023، گرووپی زافیرەین، کە گرووپێکی سەر بە موقاوەمەی ئیسلامییە لە عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشێک راگەیاند و گوتی: "ئەمشەو موجاهیدەکانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق (گرووپی زافیرەین) بە چوار مووشەک چەند ئامانجێکیان لە بنکەی عەین ئەسەد کە هێزەکانی داگیرکاریی ئەمریکای تێدایە بۆردوومان کرد" گوتیشی، هێرشکارەکان "بەسەلامەتی گەڕاونەتەوە".
 
واشنتن هێرشەکان دەخاتە ئەستۆی ئەو هێزانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەو چوارچێوەیەشدا مانگی رابردوو چەند ئامانجێكی لە سووریا بۆردوومان کرد و دەڵێت: ''لەو گرووپانەن کە سەر بە تارانن".
 
بە گوتەی پێنتاگۆن، تائێستا و لە ئەنجامی بەئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سووریا لانیکەم 45 هاووڵاتیی ئەمریکی بە سووکی برینداربوون، هەروەها بەڵێندەرێک بەهۆی زەنگی ئاگادارکردنەوەی هەڵەوە تووشی وەستانی دڵ بوو و گیانی لەدەستداوە. 
 
هێرشکردنە سەر هێزەکانی نزیک لە ئێران، بەگوتەی پێنتاگۆن، پەیوەندی بە شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی غەززەوە نییە و دەڵێت، "ئامانج لەو هێرشانە ئامانج بەرگریکردنە و بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە کارمەندانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا کراون و جیاوازن لەو ململانێیەی نێوان ئیسرائیل و حەماس و گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس دروستناکەن."
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقدا هەن، هەروەها 900 سەربازیش لە سووریان لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانەوەی داعش، ئەو گرووپەی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا پانتایەکی فراوانی لەو دوو وڵاتە داگیرکردبوو و دواتر بە گورزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزی پیادەی ناوچەکە بەرپەرچدرانەوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە