سەرۆککۆماری ئێران سوپاسی هەڵوێستی عێراق دەکات سەبارەت بە شەڕی غەززە

06-11-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری ئێران سوپاسی هەڵوێستی حکومەتی عێراق سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە دەکات و دەڵێت، ''دەبێت بە زووترین کات بۆردوومانەکان بووەستێندرێن بۆ ئەوەی هاوکاریی مرۆیی بگاتە خەڵکی کەرتی غەززە".
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 06-11-2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانى پایتەختی ئێران و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان رێکخست.
 
ئیبراهیم رەئیسی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، ''هەڵوێستی هاوبەشی حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین ئەوەیە کە دەبێ بە زووترین کات بۆردوومانەکان [بۆ سەر کەرتی غەززە] بووەستێنرێن و هاوکاریی مرۆیی بگاتە خەڵکی غەززە".
 
سەرۆککۆماری ئێران بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ''کۆمەڵکوژیی مەترسیدار'' ناودەبات و دەڵێت، ''رژێمی زایۆنی بە پاڵپشتیی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی ئەم هێرشە دڕندانەیە ئەنجام دەدات و خەڵکی فەلەستین کۆمەڵکوژ دەکات".
 
ئیبراهیم رەئیسی سوپاسی هەڵوێستی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، ''ئەوانەی نایانەوێت جەنگ تەشەنە بکات، پێویستە گوشار بخەنە سەر داگیرکار''. گوتیشی، هەڵوێستی عێراق بۆ پرسی فەلەستین "نەگۆڕە" و پشتیوانی لە مافی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکات کە پایتەختەکەی قودس بێت.
 
شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە لە 31ـەمین رۆژدایە. تەندروستیی غەززە دەڵێت، تاوەکو ئێستا نۆ هەزار و 770 کەس کوژراون کە 70%یان ژن و منداڵ بوون و ئاماژە بەوەش دەکات، لە چەند کاژێری رابردوودا ئیسرائیل بە بۆردوومانەکانی لە 24 شوێن "کۆمەڵکوژی" ئەنجامداوە و 243 کەسی کوشتووە.
 
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لانیکەم 240 ئیسرائیلی و هاووڵاتی وڵاتانی دیکە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیراون، کە بەگوتەی کەتائیبی قەسام، باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماس، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 60 کەس لە بارمتەکان بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
 
بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند. لەو کاتەوەش شەڕ و پێکدادان لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس بەردەوامە.
 
ئیبراهیم رەئیسی دەڵێت، هاوکاریی سەربازی و دارایی ئەمریکا، ئیسرائیل زیاتر بۆ ''کۆمەڵکوژکردن''ـی خەڵکی کەرتی غەززە هان دەدات و هەڵوێستی ئەمریکاش بۆ راگرتنی شەڕ و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە زیانلێکەوتووانی شەڕەکە بە ''ساختە'' ناودەبات.
 
سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە، بۆ رێگریکردن لە بۆردوومانکردنی زیاتری کەرتی غەززە و ''هێرشەکانی رژێمی زایۆنی و ئەمریکا'' پاڵپشتیی هەر هەڵوێستێک لەلایەن وڵاتانی ئیسلامی، وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی نێودەوڵەتی دەکەن.
 
سەردانەکەى سوودانى بۆ تاران لە چوارچێوەى گەشتێکى هەرێمایەتیدا بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانى ناوچەکە دێت و رۆژێک دەخایێنێت.
 
دەستپێکردنى ئەو گەشتەى سوودانى دواى رۆژێک بوو لە سەردانى ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ بەغدا و میدیاى فەرمیى عێراق لە زارى هیشام روکابی، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە بڵاویکردەوە، "گەشتەکەى سوودانى لە ناوچەکە لە چوارچێوەى هەوڵەکانى عێراقدایە بۆ راگرتنى ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە