سێنتکۆم: لە عێراقەوە هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی رومێلان

05-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئەمریکا رایدەگەیێنێت، چەند چەکدارێک بە 15 مووشەک لە عێراقەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکییەکان لە رۆژئاوای کوردستان.
 
رۆژی سێشەممە 5ی کانوونی یەکەمی 2023 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم رایگەیاند، "لە عێراقەوە بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی رومێلان لە سووریا، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی نەبووە."
 
سێنتکۆم دەشڵێت، "هێرشەکە رۆژی 3ی کانوونی یەکەم کاژێر 02:15 خولەکی پاشنیوەڕۆ لە عێراقەوە بە مووشەکی جۆری 11 میلـلیم کراوە."
 
دوای هێرشەکەش، سێنتۆکم ئاماژە بەوە دەکات، دەستبەجێ هێزە عێراقییەکان ئاگادار کراونەتەوە و گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، لە شوێنی رووداوەکە دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرتووە کە سەکۆی مووشەکی لەنێویدا جێگیر کرابوو.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 03-12-2023 کاروانێکی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای دووبزی سەر بە کەرکووک بۆردوومان کرا. گرووپێکی چەکداریی شیعەکان کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" ناساندووە رایگەیاند، پێنج چەکداریان کوژراوە و ئەمریکاشی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.
 
هاوکات، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا، ناسراو بە سێنتکۆم، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکە رایگەیاند، ئەو پێنج چەکدارەیان لە کاتێکدا کردووەتە ئامانج، کە ئامادەکارییان بۆ هێرشێکی درۆنی دەکرد و هێرشەکەی سەریان بۆ بەرگری لەخۆکردن بووە.
 
لە 18-10-2023وە تاوەکو 23-11-2023 بەشێک لە گرووپە چەکدارە شيعەکانى نزیک لە ئێران کە ناوى خۆيان ناوە موقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق، بەرپرسیاریێتى خۆیان لە 67 هێرش راگەیاندووە کە گوایە کردوونیانەتە سەر بنکەکانى ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە