سوپای ئیسرائیل: لەگەڵ هەر چەکدارێکی حەماسدا دوو هاووڵاتیی سڤیل لە غەززە کوژراون

05-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، لە بەرامبەر کوژرانی دوو هاووڵاتیی سڤیل، چەکدارێکی حەماس کوژراوە و پێیوایە ژمارەکە "ئەرێنییە."
 
رۆژی سێشەممە 5ی کانوونی یەکەمی 2023 جۆناسان کۆنریکس، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی باسی لە ژمارەی کوژراوانی هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی لە کەرتی غەززە کرد و گوتی، "ئەگەر ژمارەکە بەراورد بکەیت بە هەر شەڕێکی دیکەی نێو شار لەگەڵ رێکخراوێکی تیرۆریستیدا، کە خەڵکی سڤیل وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنێت، دەبینیت کە ژمارەکە ئەرێنییە و رەنگە لە جیهاندا ناوازە بێت."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە، لە بەرامبەر کوژرانی هەر چەکدارێکی حەماس لە کەرتی غەززە، دوو هاووڵاتیی سڤیلیش کوژراون.
 
تاوەکو ئێستا نازانرێت ژمارەی ئەو چەکدارانەی حەماس چەندە کە لە کەرتی غەززە لە شەڕی دژی سوپای ئیسرائیلدا کوژراون، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، نزیکەی 5000 چەکداری حەماس لە شەڕەکەدا کوژراون.
 
تەندروستیی غەززە دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی لەو ناوچەیەی فەلەستین لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی ئیسرائیل کوژراون گەیشتووەتە 15 هەزار 899 کەس؛ 42 هەزار کەسیش بریندارن.
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 1.7 ملیۆن کەس لەنێو غەززە ئاوارە بوون، کە دەکاتە زیاتر لە سێ بەشی دانیشتووانەکەی. لەو ژمارەیەش 800 هەزاریان لە 154 شێڵتەر و کەمپی سەرپەرشتیکراو لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نیشتەجێ کراون.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە خەڵکی غەززە بەدەست کەمیی خۆراک، ئاو و پێداویستییەکانی دیکەوە دەناڵێنن.
 
لە حەوتی ئۆکتۆبەردا حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە و لانیکەم 1200 کەسی کوشت، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل جەنگی دژی حەماس راگەیاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە