سعودیە مەرجی خۆی بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل رادەگەیێنێت

05-02-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سعودیە رەتیدەکاتەوە تاوەکو دەوڵەتی فەلەستین دانەمەزرێندرێت، پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکات.
 
رۆژی چوارشەممە 5ی شوباتی 2025 وەزارەتی دەرەوەی سعودییە راگەیێندراوێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "سعودیە لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستینییەکان، کە رۆژهەڵاتی قودس پایتەختی بێت."
 
پێش ئەوەی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023 دەستپێبکات، دەنگۆی ئەوە هەبوو سعودیە و ئیسرائیل دەست بە گفتوگۆ بۆ دروستکردنی پەیوەندی دەکەن.
 
راگەیێندراوەکەی سعودیە دوای گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هات، کە رۆژی سێشەممە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی سعودیە کردی.
 
پرسیاری ئەوە لە ترەمپ کرا کە "ئایا سعودیە داوای دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین دەکات؟" لە وەڵامدا گوتی، "نەخێر، داوا ناکات."
 
نەتەنیاهووش لەبارەی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ سعودیە گوتی، "پابەندم بە بەدەستهێنانی ئەوە. دەزانم کە سەرۆکیش (دۆناڵد ترەمپ) پابەندە بەوە. پێموایە سەرۆکایەتیی سعودییەش ئەوەی بەلاوە باشە."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، "هەوڵێکی زۆر باشی بۆ دەدەین و پێموایە سەرکەوتوو دەبین."
 
هەوڵەکان بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نێوان سعودیە و ئیسرائیل بەشێکن لە گفتوگۆیەکی ئاڵۆز کە بەشێکی خۆی لە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئەمریکا و سعودیە دەبینێتەوە.
 
لە ئەیلوولی 2020ـەوە و لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەبراهامدا ئیمارات، بەحرێن، مەغریب و سوودان پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دروستکرد. پێش ئەو رێککەوتنەش ئیسرائیل پەیوەندی لەگەڵ هەریەک لە میسر و ئوردن هەبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دروزەکان کێن؟ ئەوەی پێویستە لەبارەی ئایینەکەیانەوە بیزانیت

دروزەکان کێن؟ ئەوەی پێویستە لەبارەی ئایینەکەیانەوە بیزانیت

دروزەکان لە ماوەی نێوان ساڵانی 1017-1020ی زایینیدا دەستیان بە بانگەشەکردن بۆ ئایینەکەیان کرد و تاوەکو ساڵی 1043ی زایینی درێژبووەوە. دوای ئەوە دەرگەی داخرا، تایبەت بوو بە ئەوانەی کە لە سەرەتادا باوەڕیان بە ئایینەکە هێنا و کوڕەکانیان و ئەوانەی لێیان لەدایک دەبوون، ئیدی پەیوەندی بە ئایینی دروزییەوە بووە شتێکی قەدەخەکراو، مەگەر لە بنەڕەتدا دروزیی بووبێت.