ئیسرائیل پلانی دوای جەنگی غەززە ئاشکرا دەکات

05-01-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، پلانی سەرەتایی وڵاتەکەی بۆ داهاتووی غەززە دوای شەڕەکە رادەگەیێنێت و ئاماژە بەوە دەکات نە حەماس و نە ئیسرائیل لە داهاتوودا فەرمانڕەوایەتیی غەززە ناکەن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی کانوونی دووەمی 2024، یۆڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە قۆناخی دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکەی کرد و گوتی، "حەماس فەرمانڕەوایەتیی غەززە ناکات، هەروەها ئیسرائیلیش فەرمانڕەوایەتیی خەڵکی سیڤیلی غەززە ناکات."
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتیشی، "دانیشتووانی غەززە هاووڵاتیی فەلەستینین و لەبەر ئەوەش دەسەڵاتی فەلەستینی بەرپرسیارییەتییان دەگرێتە دەست، بەو مەرجەی کە هیچ کردارێکی دوژمنانە و هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل دروست نەبێت."
 
ئیسرائیل، بە گوێرەی پلانەکەی، لە شەڕکردن دژی حەماس بەردەوام دەبێت و هەموو بارمتەکانی دەستی حەماس ئازاد دەکات. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، تاوەکو ئەو کاتەی بە پێویستی دەزانن لە شەڕکردن دژی حەماس بەردەوام دەبن.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 29-12-2023، زیا رەشوان، سەرۆکی دەزگای زانیاریی میسر رایگەیاند، "میسر هێشتا چاوەڕێی وەڵامی لایەنەکانە [حەماس و ئیسرائیل] و دوای ئەوەی وەڵامی لایەنەکانمان وەرگرت، وردەکاریی پلانەکە ئاشکرا دەکەین."
 
میدیای عەرەبیش ئاماژەی بەوە کردووە، میسر لە هەوڵی جێبەجێکردنی پلانێکی فراوانە بۆ راگرتنی جەنگی غەززە و راگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلی و بیانییەکان، کە خۆی لە سێ قۆناخ دەبینێتەوە و بە گوێرەی پلانەکە، شەڕەکە دەوەستێندرێت و بارمتەکان و زیندانییە فەلەستینییەکان ئازاد دەکرێن و حکومەتێک لە کەسانی فەلەستینی خاوەن ئەزموون لە غەززە دروست دەکرێت. 
 
بەڵام میدیای ئەمریکا بڵاوی کردەوە، هەریەک لە بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی دەستپێشخەرییەکەی میسریان رەتکردووەتەوە، بەتایبەتی ئەو خاڵەی باس دەستهەڵگرتن لە دەسەڵاتدارێتیی غەززە دەکەن، بەرامبەر بە راگەیاندنی ئاگربەستێکی درێژخایەن.
 
نزیکەی سێ مانگە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
 
رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
 
لەماوەی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی پێشتری بۆردوومانکردنی بەندەرێک لە سنووری شاری حودەیدەی یەمەن. وێنە: ئەرشیڤ/ 20-07-2024 - AFP

ئەمریکا و حووسییەکان لەسەر ئاگربەست رێککەوتن

بەرپرسانی عومان رایانگەیاند، ئەمریکا و حووسییەکانی یەمەن لەسەر ئاگربەست رێککەوتوون، چەکداران چیدی کەشتیی بازرگانی لە رێڕەوە ئاوییەکان ناکەنە ئامانج، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکانی دەوەستێنێت