ئەردۆغان: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەتاوانی جەنگ دادگایی دەکرێت

05-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە "تاوانی جەنگ" دادگایی دەکرێت، رەخنەی تووندیشی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت بەوەی پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکەن. 
 
رۆژی دووشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە 39ـیەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی هەمیشەیی ئابووری و بازرگانیی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کە لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی، "سەرەڕای بوون بە تاوانباری جەنگ، نەتەنیاهوو ئێستا بووە بە قەسابی غەززە و وەکو قەسابی غەززەش دادگایی دەکرێت".
 
ئەردۆغان رووی لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد و رەخنەی ئەوەی لێگرتن کە پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکەن و گوتی، "ئەوانەی کە بەبیانووی بەکارهێنانی حەماس ژیانی ئەو هەموو کەسە وەلادەنێن، ئەوان کوێر و کەڕن."
 
سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارەکەیدا جەختیشی لەوە کردەوە، "غەززە خاکی فەلەستینە و تاهەتایە بە موڵکی فەلەستینییەکان دەمێنێتەوە".
 
شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد، بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، نزیکەی 16 هەزار کەس لە غەززە، کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیلن بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و لە ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژراون.
 
دوای شەڕەکەش، ئەردۆغان یەکێک بوو لە سەرکردەکان کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە رەخنەی لە ئیسرائیل گرت و نوێنەرایەتیی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل کشاندەوە.
 
رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
 
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە