ئاگری شەڕی حەماس و ئیسرائیل؛ دوای یەک ساڵ نەکوژاوەتەوە و خەریکە زیاتر تەشەنە دەکات

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیار کوردە @diyarkurda
دیمەنی ساتی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆسەر غەززە
دیمەنی ساتی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆسەر غەززە
A+ A-
 
رووداو - واشنتن

چەند رۆژێکی دیکە یەک ساڵ بەسەر رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر و دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل تێدەپەڕێت.
 
سەرباری هەموو هەوڵەکانی ئیدارەی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەش بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، خەریکە نەک کۆتایی نەیەت، بەڵکو فراوانتر دەبێت و وڵات و ناوچەی دیکەش دەگرێتەوە.
 
لە یەکەم رۆژی شەڕەکەدا، ئیدارەی ئەمریکا هەوڵیدا چەند ئامانجێک بەدەستبهێنێت، لە سەرووی هەموویانە ئازادکردنی بارمتەکان و لەم دواییەش راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
 
لێکۆڵینڤانێکی ئەمریکیش پێیوایە، ئیدارەی بایدن لە بنچینەدا "بە تەنیا ئیدارەی قەیرانەکەی داوە" نەک هەوڵی جیدی دابێت بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی.
 
برایان کاتوڵیس، لێکۆڵینڤانی باڵا لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە رووداوی گوت، "پێموایە تیمی بایدن لەو ساڵەدا لەدوای 7ی ئۆکتۆبەر بەپێی رووداوەکان جووڵاونەتەوە، ئیدارەی قەیرانەکانیان داوە، تاکتیکی بوونەوە و نەیانتوانیووە ئەو ئامانجانە بەدەستبهێنن کە ویستوویانە، بەشێکیشی پەیوەندی بەوە هەیە کە ئەوان پابەند نین بە تەرخانکردنی کات و سەرچاوە بۆ ئەو ناوچەیەی جیهان، کە من پێموایە دەبوایە وایان نەکردایە، ئەوان سەرنجی زیاتریان لەسەر ئاستەنگەکانی دیکەیە وەک چین و ئۆکراینا و پرسەکانی دیکەیە. ئەمە یەک، دووەم، چۆن ئەوکاتەی لەبەردەستیان ماوە بەکاریبهێنن، پێویستە نزیکتر لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە بەتایبەتیش هاوبەشە عەرەبەکان کاربکەن، ئەوانەی دەیانەوێت گرژییەکان لەگەڵ ئێران کەمببنەوە، ئەمەش لە رێگەی ترساندنی ئێران و هەروەها رێگەی چارەسەریی دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین."
 
ئاگری شەڕی غەززە نەک نەکوژاوەتەوە، خەریکە باکووری ئیسرائیل و باشووری لوبنانیش بە دووکەڵی شەڕەکە دەخنکێت، ململانێکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلیش گەیشتوونەتە ئاستێک کە مووشەک لە یەک دەگرن و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەربازی راستەوخۆ لەیەک دەکەن.
 
بەرپرسێکی داڕێژەری پێشووی سیاسەتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش دەڵێت: "گرنگە ئیدارەی بایدن لەم چەند مانگەی لەبەردەستی دا ماوە، هەڕەشەی جیدی لە ئێران و گرووپە ملیشیاکانی بکات، بیانترسێنێت و پشتیوانی زیاتریش بۆ ئیسرائیل بنێرێت، ئەمەش ئەگەر دۆخەکەش بەتەواوەتی چارەسەرنەکات، سوودی زۆری بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەبێت."
 
باڵیۆز ئێرک ئێدڵمان، یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەگریی ئەمریکا رایگەیاند، "پێموایە دەتوانن بەردەوامبن لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل، هاوئاهەنگ بن لە دابینکردنی مووشەک و دژە مووشەک و مووشەکی ئاسمانی، ئەمەش بەتەنیا لە سوودی ئیسرائیل نییە، بەڵکو لە سوودی وڵاتانی دیکەش لە ناوچەکە کە مەترسی هێرشکردنە سەریان هەیە، هەروەها ئێران بترسێنن و روونبن لەوەی سیاسەتی درێژ مەودای ئەمریکا ئەوەیە، ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت و گوشاریش بخەنە سەر هەموو ئەو گرووپە بەوەکالەتانە، چ حەماس بێت، یان حوسییەکان لە دەریای سوور یانیش حیزبوڵڵا."
 
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، وڵاتەکەیان ستراتیجییەتێکی روونی بۆ ئەو ناوچەیە هەیە و بە جیدیش کاری بۆ دەکات، ئەویش رێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕەکە، گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە و سەرتاسەری، ئازادکردنی بارمتەکان، ترساندنی ئێران و گرووپەکانی دیکە تاوەکو شەڕەکە فراوان نەکەن، بەڵام لە بنچینەدا ئەمریکا لە بەدیهێنانی هیچ یەکێک لەو ئامانجانەی تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکیش کە لەلایەن پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە واشنتن کراوە، ئیدارەی بایدن "سەرکەوتوو نەبووە" لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە ناوچەکە، ئەمەش لەکاتێکدا تەمەنی ئیدارەکەی بایدن تەنیا چەند مانگێکی ماوە و ئەمریکا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەچێت، دەرچوونی هەریەکێک لە دوو بەربژێرە سەرەکییەکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکاش، واتە دۆناڵد ترەمپ لە کۆمارییەکان و کامەلا هاریس لە دیموکراتەکان، کاریگەری گەورەی بەسەر ئەم رووداوانە دەبێت، بەتایبەتیش ئەگەر دۆناڵد ترەمپ وەکو 47مین سەرۆکی ئەمریکا بگەڕێتەوە کۆشکی سپی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان

وەزیری دەرەوەی ئێران: رژێمی زایۆنی هێرشی دیکە بکات، وەڵاممان دەبێت و تووندیش دەبێت

وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیرووتی پایتەختی لوبنانەوە هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، "ئەگەر ئیسرائیل هەر جۆرە چالاکییەک دژی ئێران بکات، ئەوا کاردانەوەمان (لە چالاکییەکەی ئەوان) تووندتر دەبێت."