prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی میسر پلانێکی پێنج ساڵی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێشنیاز دەکەن. پلانەکە تیشک دەخاتە سەر بەرەوپێشبردنی ژێرخانی ئابووریی کەرتەکە و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێس نێوەڕۆکی پێشنیازێکی میسری بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەش کرد، پلانەکە لە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی گفتوگۆی لەبارەیەوە دەکرێت.
نێوەڕۆکی پلانەکە لە دوو قۆناخ پێکهاتووە: قۆناخی چاککردنەوەی سەرەتایی و قۆناخی ئاوەدانکردنەوە.
لە قۆناخی یەکەمدا کە پێشبینی دەکرێت شەش مانگ بخایێنێت، بڕی سێ ملیار دۆلار لە چاککردنەوەی ژێرخانی کەرتەکە خەرج دەکرێت و (هەڵگرتنەوەی مین، پاککردنەوەی داروپەردوو و دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی کاتی)ـی دەگرێتەوە.
میسر پێشنیاز دەکات 7 ناوچەی نیشتەجێبوونی کاتی بۆ 1.5 ملیۆن فەلەستینی دانیشتووی کەرتەکە دروست بکرێن، هەروەها 60 هەزار خانووی زیانبەرکەوتوو نۆژەن بکرێنەوە.
لە قۆناخی دووەمیشدا کە پێشبینی دەکرێت چوار ساڵ و نیو بخایێنێت، بڕی 20 ملیار دۆلار لە چاککردنەوەی شەقامەکان و دروستکردنەوەی دەزگا حکومییەکان خەرج دەکرێت. هەروەها 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بۆ 1.6 ملیۆن فەلەستینی لەسەر رووبەڕی 80 هەزار مەتر دووجا دروست دەکرێت.
هەر لە قۆناخی دووەمدا بڕی 30 ملیار دۆلاری دیکە بۆ دروستکردنی ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوونی دیکە و دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی، بەندەری ماسیگرتن و فرۆکەخانە لە کەرتەکە خەرج دەکرێت.
میسر داوا دەکات بۆ کۆکردنەوەی پارەکە سندووقێکی نێودەوڵەتی دروست بکرێت و لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا ئەو وڵاتانە کۆبکرێنەوە کە دەیانەوێت بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە بکەن.
کێ حوکمی غەززە دەکات؟
هەروەک میسر لە پلانەکەیدا ئاماژەی پێکردووە، دەبێت لیژنەیەکی بەڕێوەبردن لە کەسانی تەکنۆکرات و کەسانی بێلایەن دروست بکرێت و لەژێر چاودێری دەسەڵاتی فەلەستین غەززە بەڕێوەببەن.
بەرپرسانی میسر پێشنیاز دەکەن، هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی فەلەستینی لەلایەن میسر و ئوردن راهێنانیان پێبکرێت و مەلەفی ئەمنیی غەززەیان بدرێتە دەست.
هەروەها میسر ئاماژە بە ئەگەری بوونی هێزێکی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی لە غەززە دەکات و دەڵێت، دەکرێت بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هێزێکی ئاشتیپارێز لە غەززە و کەرتی رۆژئاوا دروست بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ