رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، هەموو ئەو کرێکارانەی کە خەڵکی غەززەن و پێش دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارە فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە لە ئیسرائیل کاریان دەکرد، دەنێرێتەوە غەززە.
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2023، کابینەی ئەمنی حکومەتی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا پچڕاندنی هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ غەززە راگەیاند و گوتی: "لەمەودوا رێگە نادەین هیچ کرێکارێکی فەلەستینی لە ئیسرائیل کار بکات."
حکومەتی ئیسرائیل ئاماژەی بە ژمارەی ئەو کرێکارە فەلەستینییانەی غەززە نەکردووە کە لە ئیسرائیل ماونەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا هەموویان دەگەڕێندرێنەوە کەرتی غەززە.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئیسرائیل، پێش هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، 18 هەزار و 500 کرێکاری غەززە مافی ئەوەیان هەبوو لە ئیسرائیل کاربکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە، رایگەیاند، هێزەکانیان شاری غەززەیان لە باکووری کەرتی غەززە گەمارۆداوە.
چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس 7ی تشرینی یەکەم، هێرشێکی کتوپڕیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە و بە گوتەی سوپای ئیسرائیل هەزار و 405 کەسیان کوشت. هەروەها لانیکەم 5 هەزار و 431 کەس بریندار بوون.
هەر لەو هێرشەدا، 242ی کەسیش لە لایەن حەماسەوە بە دیل گیراون، لە نێویاندا خەڵکی سڤیل و سەرباز و 30 منداڵ هەن. 40 کەسی دیکەش لە ئیسرائیل بێسەروشوێنن.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لەو کەرتە 9 هەزار و 61 کەس بە بۆردوومانی ئیسرائیل کوژراون، کە لانیکەم سێ هەزار و 760یان منداڵ و دوو هەزار و 326یان ژنن. لانیکەم 32 هەزار کەسی دیکەش لە غەززە بریندار بوون، کە 6 هەزار و 360یان منداڵ و 4 هەزار و 891ی دیکەیان ژنن.
هەزار و 30 کەس لە غەززە بێسەروشوێنن، لە نێویاندا هەزار و 20 منداڵ هەن. جگە لەوەش نزیکەی چوار هەزار فەلەستینیی کەرتی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون.
لە کەرتی رۆژئاواش، لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، لانیکەم 132 کەس بە گوللەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون و لانیکەم دوو هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها هەزار و 900 فەلەستینیی کەرتی رۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون، کە دوو کەسیان لە زینداندا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ