رووداو دیجتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دانانی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا رایگەیاند، بە وردی چاودێریی پێشهاتەکان دەکەن و تاران پشتیوانی لە هەر حکومەتێک دەکات، کە لە لایەن گەلی سووریاوە پشتیوانیی بکرێت.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025) گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا باسی دۆخی سووریای کرد و، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی دانانی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا ئاشکرا کرد.
ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند "هەر حکومەتێک لەلایەن گەلی سووریاوە پشتیوانیی بکرێت، لەلایەن ئێمەوە پشتیوانیی دەکرێت؛ جەخت لە پێویستیی هاوکاریی هەموو لایەنەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرکردنی دۆخی سووریا دەکەینەوە."
ئیسماعیل بەقایی گوتی "بە وردی چاودێریی پێشهاتەکان دەکەین، هیوادارین ئەم قۆناخە راگوزەرە ببێتە هۆی پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر، کە نوێنەرایەتیی هەموو چین و توێژەکانی سووریا بکات."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، "ئێمە کەڵک لە هەموو دەرفەتێک وەردەگرین بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانمان لە رێگەی ئەو لایەن و وڵاتانەی پەیوەندیمان لەگەڵیان دا باشە".
حکومەتی پێشووی سووریا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبوو و بە نەمانی بەشار ئەسەدیش لە دەسڵات، تاران هاوپەیمانێکی گرنگی لە ناوچەکە لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ