رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماس بپچڕێنێت، ئەوەش دوای ئەوە هات کە ئەمریکا لەدوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە گوشاری خستووەتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماس بپچڕێنێت.
رۆژی شەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی کرد و گوتی: "پێش هەموو شتێک، حەماس واقیعی فەلەستینە، حەماس لایەنێکی سیاسییە و چووەتە نێو هەڵبژاردنەکان و هەڵبژاردنی بردووەتەوە".
ئەوە لەکاتێکدایە، برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزارەتی گەنجینە بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگریی دارایی ئەمریکا هەفتەی رابردوو سەردانی تورکیای کرد و پەیامی واشنتنی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا و حەماس بە ئەنقەرە گەیاند.
نێڵسن گوتی: "لەوەتەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، واشنتن هەستی نەکردووە تورکیا هیچ پارەیەکی بۆ حەماس ناردبێت، بەڵام لە رابردوودا تورکیا لەرووی داراییەوە یارمەتی حەماسی داوە".
ئەردۆغان رەتیکردەوە کە وڵاتەکەی بچێتە ژێر گوشارەکانی ئەمریکا و گوتی: "ئێمە سیاسەتی دەرەوەمان لە ئەنقەرە و بەگوێرەی بەرژەوەندییەکان و پێشبینییەکانی گەلەکەمان دیاری دەکەین".
شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەر دەستپێکرد، بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، نزیکەی 15 هەزار کەس لە غەززە، کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیلن بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و لە ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژراون.
دوای شەڕەکەش، ئەردۆغان یەکێک بوو لە سەرکردەکان کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە رەخنەی لە ئیسرائیل گرت و نوێنەرایەتی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل کشاندەوە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی دوای ئەوەی ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتاییهات، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە دەستپێکردەوە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستەوە 240 هاووڵاتی فەلەستینی کوژراون و 650 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ 4 رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ