رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی راپۆرتێک، بەرپرسانی ئیسرائیل ساڵێک پێش ئەوەی حەماس هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل بکات، بە پلانەکەیان زانیوە.
راپۆرتەکەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی باسی ئەوە دەکات، "بەرپرسانی ئیسرائیل لە بەڵگەنامەیەکی 40 لاپەڕەییدا کە بە (Jerico wall) ناویان بردووە، زانیارییان لەبارەی پلانەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل هەبووە."
بەرپرسانی حەماس پێش ئەوەی هێرشەکە ئەنجام بدەن زانیاریی وردیان لەبارەی قەبارەی سوپای ئیسرائیل لە سنووری غەززە کۆکردووەتەوە و شوێنی سەربازانی سوپای ئیسرائیلیان دیاری کردووە، دوای ئەوەش دەستیان کردووە بە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە، ئەوە بە گوێرەی راپۆرتەکە.
"حەماس توانای ئەنجامدانی هێرشەکەی نییە"
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "بەرپرسە ئەمنی و سەربازییەکانی ئیسرائیل دوای ئەوەی کە زانیارییان لەسەر پلانەکەی حەماس بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە دەستکەوتووە، پێیان وابووە هێرشەکە لە توانای حەماس بەدەرە."
ئەوە لە کاتێكدایە، لە مانگی تەممووز و سێ مانگ پێش ئەنجامدانی هێرشەکە، پسپۆڕێکی ئەمنی لە یەکەی 8200ـی دەزگای هەوڵگری ئیسرائیل هۆشداری داوە لەوەی حەماس لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل خەریکی راهێنانی سەربازییە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەو پسپۆڕە لە ئیمەیڵێکدا بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل گوتوویەتی، "ئەو بیرۆکانە رەتدەکەمەوە کە هێرشەکە ناتوانرێت ئەنجام بدرێت؛ هێرشەکە لەگەڵ تەواوی نێوەڕۆکی ئەو زانیارییانەی دەست ئیسرائیل کەوتوون لەو بارەوە، گونجاوە."
حەماس دەیویست چۆن هێرشەکە بکاتە سەر ئیسرائیل؟
بە گوێرەی زانیارییەکان کە دەست بەرپرسانی ئیسرائیل کەوتبوون، پلانی حەماس ئەوە بووە کە سەرەتا بە مووشەک هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و تاوەکو سەربازەکانی سوپای ئیسرائیل خۆیان لەنێو حەشارگەکاندا بشارنەوە و دوای ئەوەش بە درۆن هێرش بکاتە سەر خاڵە سەربازییەکانی نێوان غەززە و ئیسرائیل و پاشانیش بەشێک لە چەکدارەکانی حەماس لە 60 شوێنەوە بچنە نێو ئیسرائیل.
حەماس، بەگوێرەی راپۆرتەکە، پێش دەستپێکردنی هێرشەکە چەندین جۆر چەکی جۆراوجۆری کڕیوە و ژمارەی چەکدارە شەڕکەرەکانیشی گەیاندووەتە 27 هەزار.
هێرشەکە چۆن ئەنجام درا؟
کاژێر 6:30ـی بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 7-10-2023 بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی هەزاران مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و دەیان چەکداریشی ناردە شارۆچکە و ئۆردووگە جوونشینەکانی ئیسرائیل نزیک لە سنووری غەززە.
حەماس بڵاویکردەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکەدا و لە ماوەی تەنیا 20 خولەکدا پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەڵام سوپای ئیسرائیل گوتی، ژمارەکە راست نییە و حەماس 2500 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
گەیشتنی دەیان چەکداری بزووتنەوەی حەماس بۆ نێو ئیسرائیل بابەتێک بوو هەڵوەستەی لەسەر کرا. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس لە هێرشەکەیدا سوودی لە پاراگلایدەر و بەلەم وەرگرتووە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە چەکدارەکان بچنە نێو ئیسرائیل.
هێرشەکە کاردانەوەی تووندی ئیسرائیلی بەدواداهات و بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، نزیکەی 15 هەزار و 200 کەس لە غەززە، کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیلن لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کوژراون و لە ئیسرائیلیش زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژراون.
ئاگربەست
رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەستەوە 240 هاووڵاتیی فەلەستینی کوژراون و 650 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ