رووسیا هانی تورکیا و سووریا دەدات گفتوگۆکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەستپێبکەنەوە

02-11-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، هانی حکومەتەکانی تورکیا و سووریا دەدەن گفتوگۆکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەستپێبکەنەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، هەردوولا پێیان خۆشە دەست بە گفتوگۆکان بکەنەوە.
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە میدیای تورکیای راگەیاند، "ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان سووریا و تورکیا بۆ سەقامگیری بەردەوام لە سووریا و بەهێزکردنی ئاسایش لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرنگییەکی زۆری هەیە."
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی هەردوولا بەردەوامن و گوتی، رووسیا لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ ئەوەی پردی بۆشایی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە پڕبکاتەوە.
 
یەکێک لە مەرجەکانی سووریا بۆ گفتوگۆکردن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا کشانەوەی ‌هێزەکانی ئەو وڵاتەیە لە رۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی سووریا.
 
لاڤرۆڤ لەوبارەیەوە گوتی، "جیاوازی لە هەڵوێستەکانی دیمەشق و ئەنقەرە وایکردووە کە پڕۆسەی گفتوگۆکردن بووەستێت. حکومەتی سووریا پێی وایە کە دەبێت سەرەتا کشانەوەی هێزی سەربازیی تورکیا لە سووریا یەکلایی بکرێتەوە. تورکیا پابەندیی خۆی بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دووپات دەکاتەوە، بەڵام پێشنیاز دەکات دواتر قسە لەبارەی کشانەوەی سەربازەکانی بکرێت."
 
دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 شەڕی نێوخۆی سووریا دەستیپێکرد، تورکیا پشتیوانی لە بەشێکی ئەو گرووپە چەکدارانە کرد کە هەوڵی رووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدیان دەدا. ئەنقەرە هێشتاش هێزی لە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە.
 
لە ساڵی 2022ـەوە بەرپرسانی باڵای سووریا و تورکیا چەند جارێک بە نێوەندگیریی رووسیا کۆبوونەتەوە. مۆسکۆ دەیەوێت هەردوولا ئاشتبکاتەوە.
 
لە کانوونی یەکەمی 2022دا وەزیرانی بەرگریی تورکیا، سووریا و رووسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە کە ئەوە یەکەمین کۆبوونەوە بوو لە ساڵی 2011ـەوە وەزیرانی دوو وڵاتە دراوسێیەکەی کۆکردبێتەوە.
 
رووسیا پاریش نێوەندگیری بۆ کۆبوونەوەی بەرپرسانی هەردوولا کرد؛ بەڵام گفتوگۆکان چەقیان بەستووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە