رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، بۆ ئەوەی هەسارەی زەوی رزگار بکرێت، دەبێت جیهان لە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەبەردبوو بوەستێت.
رۆژی هەینی، 1ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا COP28 کە لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند: "ناتوانین جیهانێکی گەرمبوو بە ئاگرکوژێنەوەیەکی بەبەردبوو رزگار بکەین."
گوتێرێز داوای لەو کۆمپانیایانە کرد کە وەبەرهێنان لە سووتەمەنیی بەردیندا دەکەن بۆ ئەوەی سەرچاوەی بەرهەمهێنانیان لە سووتەمەنیی بەبەردبووەوە بکەن بە وزەی نوێبووەوە و داواشی لە وڵاتان کرد یارمەتی کۆمپانیاکان بدەن بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکارییە ئەنجام بدەن.
گوتێرێز گوتیشی: "داوا لە حکومەتەکان دەکەم یارمەتی پیشەسازییەکان بدەن بۆ ئەوەی بڕیار لە هەڵبژاردنێکی گونجاو بدەن، ئەوەش لەرێگەی رێخستنەوە، دانانی یاسا و نرخێکی گونجاو لەسەر کاربۆن، کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەبەردبوو و پەسندکردنی باجی داهات لەسەر قازانجەکان دەکرێت".
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، خراپبوون و گۆڕانی کەشوهەوا گەیشتووەتە ئاستێک کە خەریکە چیدیکە چارەسەرێکی ئەوتۆی نییە و لە توانای مرۆڤ بەدەرە.
لە ساڵی 2015 لە لووتکەی پاریس تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، رێکخراوی کەشناسیی جیهانی ئامانجی کەمکردنەوەی پلەی گەرمی دانا و بە 1.5 پلە دیارییکرد، بەڵام لە راپۆرتی خۆیدا، رێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵدا پلەی گەرمی 1.4 پلە زیادی کردووە.
ئەم ساڵ، ئیمارات لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بەڕێوەدەبات. سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، دەبێت کاریگەرییەکانی سووتەمەنیی بەردین (نەوت، گاز و خەڵووز) بنبڕ بکرێن، ئەگەرنا "کارەسات روودەدات".
زیاتر لە 70 هەزار کەس، لەنێویاندا سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 200 دەوڵەت و حکومەتی جیهان لەگەڵ هەزاران بڕیاربەدەست، زانا، شارەزای بوارە جیاوازەکان، سەرۆک و ئەندامانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و گرووپە جیاوازەکانی گەنجان بەشداریی لە گفتوگۆکاندا دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و چۆنیەتی تەرخانکردنی پارە بۆ پرۆژەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
پسپۆڕانی بواری کەشوهەوا لە ناسا و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، ساڵی 2023 گەرمترین ساڵ بووە لە مێژووی تۆمارکراوی پلەی گەرمادا و هۆشداریشیان داوە لەوەی ساڵی داهاتوو لە ئەم ساڵ گەرمتر دەبێت.
پسپۆڕانی ناسا باسیان لە چەندین دیاردەی سرووشتی کردووە کە ئاماژەن بۆ گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا، وەک زیادبوونی لافاو و زۆربوونی شەپۆلی گەرما و ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەو دیاردانەش زۆربەی وڵاتانی جیهانیان گرتووەتەوە.
لە سەدەی نۆزدەیەمەوە، پلەی گەرمای زەوی 1.2 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە و هۆکارەکەیشی دەردانی گازە زیانبەخشەکان بۆ نێو بەرگی هەوا بووە.
لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتووە، لە 50 ساڵی رابردوودا رۆژانە 30 مەتر لە سەهۆڵی ژێر بەستەڵەکەکانی جەمسەری باشووری زەوی تواونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ