نێچیرڤان بارزانی: ناکرێت لە گرنگیی هاوئاهەنگی جیهانی بۆ پاراستنی هەسارەکەمان کەمبکرێتەوە

01-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی کۆنفرانسی کۆپ 28 کە ئەمڕۆ لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، شا چاڕلس، پادشای بەریتانیا گوتاری دەستپێکردنی کۆنفرانسەکەی پێشکێش کرد و دوای ئەوەش 140 سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی گوتاریان دەبێت. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەو لووتکەیە بەشدارن.
 
ئەمڕۆ هەینی، 1ـی کانوونی یەکەمی 2023، نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "دڵخۆشم کە لە دوبەیم بۆ ئاهەنگی کردنەوەی کۆنفرانسی کۆپ 28، ناکرێت لە گرنگی هەوڵی یەکگرتوو و هاوئاهەنگی جیهانی بۆ پاراستنی هەسارەکەمان کەمبکرێتەوە".
 
نێچیرڤان بارزانی چاوی بە دەیان سەرکردە و سەرۆکی وڵاتان کەوت، لەنێویاندا شا چارلسی سێیەم، پادشای بەریتانیا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆرسولا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا.
 
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى شێخ محه‌ممه‌د بن زايد ئال نه‌هيان، سه‌رۆكى ئيمارات بەشداری کۆنفرانسەکەی کردووە.
 
لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە بڕیارە هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا؛ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و ویلیەم رووتۆ، سەرۆکی کینیا گوتاری خۆیان پێشکێش دەکەن و بەگوێرەی کارنامەی کۆنفرانسەکە 140 سەرۆک و سەرکردەی جیهان گوتاری خۆیان لە کۆنفرانسەکە پێشكێش دەکەن. 
 
کۆنفرانسەکە رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023 دەستیپێکرد؛ کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا یاخود کۆپ 28 یەکێکە لە رووداوە هەرە دیارەکانی ساڵ کە لە دوبەیی ئیمارات بە بەشداریی سەرکردە و بڕیاربەدەستانی جیهان بەڕێوەدەچێت. مەبەست لێی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەکانە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و دەرکردنی چەند بڕیارێک و بەرەپێشبردنی چەند هەنگاوێکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هۆکارانەی گۆڕانی کەشوهەوایان بەدواوە دێت.
 
بەپێی داتا بەردەستەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 70 هەزار کەس، لەنێویاندا سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 200 دەوڵەت و حکومەتی جیهان بەتەنیشت هەزاران بڕیاربەدەست، زانا، شارەزای بوارە جیاوازەکان، سەرۆک و ئەندامانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و گرووپە جیاوازەکانی گەنجان بەشداریی لە گفتوگۆکاندا دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و چۆنیەتی تەرخانکردنی پارە بۆ پرۆژەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو، وشکەساڵی، سووتانی دارستانەکان و کەمبوونەوەی رووبەری سەوزایی لە وڵاتان، بەتایبەتیش وڵاتانی جیهانی سێیەم یاخود تازەگەشەکردوو. 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە