سوپای پاسداران: راوێژکارێکی سەربازیمان لە لوبنان کوژرا

01-08-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، راوێژکارێکی سەربازیی ئەو وڵاتە لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووتی پایتەختی لوبنان کوژراوە.
 
ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، یەکێک لە راوێژکارە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بەناوی میلاد بیدی لە لوبنان کوژرا، ئەو لە هێرشی ئەم دواییەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووتی پایتەختی لوبنان، کە تێدا فوئاد شوکور، فەرماندەی باڵای حیزبوڵڵای لوبنان ناسراو بە حاجی موحسین کرایە ئامانج، کوژراوە.
 
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانیش ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 1-8-2024) لە پەیامێکدا کوژرانی راوێژکارە سەربازییەکەی لە لوبنان پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، میلاد بیدی یەکێک لە راوێژکارە سەربازییەکانی ئێران بووە لە لوبنان و سووریا.
 
حوسێن سەلامی لە پەیامەکەیدا، میلاد بیدی وەکو "شەهیدی بەرگریکاری حەرەم" ناودەبات و دەڵێت، لە گۆڕەپانی تێکۆشان لەدژی ئیسرائیل، رۆڵێکی گرنگی هەبووە.
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە (30ـی تەمووزی 2024) ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر لوبنان و باڵەخانەیەکی لە گەڕەکی زاحییەی بەیرووت کردە ئامانج. لە هێرشەکەدا، فوئاد شوکر، فەرماندەی باڵای حیزبوڵڵای لوبنان ناسراو بە حاجی موحسین کوژرا.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە