ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە لە 22 هەزار کەس نزیک دەبێتەوە

01-01-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی غەززە نوێترین ئاماری لەبارەی کوژراوانی کەرتەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لانیکەم 21 هەزار و 978 هاووڵاتیی فەلەستینی لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی دووشەممە 1ی کانوونی دووەمی 2024 تەندروستیی غەززە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، "تائێستا لانیکەم گیانلەدەستدانی 21 هەزار و 978 کەسمان لە شەڕەکەدا تۆمار کردووە". هەروەها 57 هەزار و 697 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوون.
 
تەندروستیی غەززە ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا 156 کەس لە غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
 
88 رۆژە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
 
رۆژی 24-11-2023 ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دوو جار درێژکرایەوە، جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
 
لە ماوەی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت: "لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕەکەوە نزیکەی حەوت هەزار چەکداری حەماسیان کوشتووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە