ئەڵمانیا دەیەوێ بیمەی تەندروستی بداتە کۆچبەران

20-09-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن کۆچبەران
A+ A-

رووداو-ئەڵمانیا

وەزارەتی تەندروستیی ئەڵمانیا پڕۆژەیاسایەکی ئامادەکردووە کە وادەکات ئەو کۆچبەرانەی دەگەنە ئەڵمانیا بەخۆڕایی چارەسەری پزیشکییان بۆ بکرێت. 


بەپێی پڕۆژەیاساکە کە هێرمان گروهە، وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتە، پێشکەشی پەرلەمانی کردووە، مەرج نییە کۆچبەر داوای مافی پەنابەرێتیی کردبێت بۆئەوەی چارەسەری پزیشکیی بۆ بکرێت. بەڵام ئەوە روونکراوەتەوە کە ئەو بڕیارە تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە کە "ئازارێکی زۆریان هەیە". 

ئەگەر پەرلەمانی فیدراڵی (بوندستاگ) پڕۆژە یاساکە پەسندبکات، کۆمپانیاکانی بیمەی تەندروستی لە ئەڵمانیا بەفەرمی بەرپرسیاردەبن لەوەی ناسنامەیەکی بیمەکردن بدەنە کۆچبەران. ئەو کۆمپانیایانە دواتر خەرجییەکانی چارەسەرکردن لە دەوڵەتی ئەڵمانیا وەردەگرنەوە. 

پڕۆژەیاساکەی وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا گەنگەشەی زۆری لەنێو پارتەکانی ئەو وڵاتەدا دروستکردووە. 

هاوپەیمانێتیی پارتە کریستیانەکان (سێ دێ ئوو و سێ ئێس ئوو) هەر زوو بیرۆکەکەیان رەتکردەوە. چونکە پێیانوایە دەرچوونی یاسایەکی وا، دەبێتە هۆی زۆرتر هاتنی کۆچبەران بۆ ئەڵمانیا. بەڵام وەزیری تەندروستی ئەمە رەتدەکاتەوە و پێیوایە پێویستە هەر کۆچبەرێک دەگاتە ئەڵمانیا مافی فریاگوزاریی تەندروستیی بەپەلەی هەبێت. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە