رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبا بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبای سلێمانی و دهۆکی ئاگادارکردووەتەوە شوێن و گەڕەک بۆ ئەزموونکردنی کارەبای 24 کاژێری دابین بکەن.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2024) ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری کە بە شێوەی ئەزموونی لە هەولێر تاقیکرایەوە، سەرکەوتوو بووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا لە سلێمانی و دهۆکیش ئەزموون دەکرێت."
گوتیشی، "لەماوەکانی رابردوودا بە نووسراوی فەرمی داوامان لە ئیدارەی هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک کردووە کە لە سنووری پارێزگاکانیاندا شوێنێک دیاری بکەن بۆ ئەوەی لەوێش ئەزموون بکرێت."
سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردنی کارەبا کرد. بەشێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئەو نووسراوەی لە وەزارەتی کارەباوە ئاراستەمان کرابوو سەبارەت بە دابینکردنی گەڕەکێک بۆ ئەزموونکردنی پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری."
سیروان محەممەد گوتیشی، "بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردنی کارەبا راسپێردراون بۆ دیاریکردنی گەڕەکێک، بەڵام ئەو پڕۆسە کاتی دەوێت، چونکە دەبێت ئەو گەڕەکەی دیاریدەکرێت پێوەری زیرەکی هەبێت و هیچ کێشەیەکیش لە سیستمەکەیدا نەبێت، هەروەها دەبێت رەچاوی هێڵی کارەبای موەلیدەی گەڕەکەکەش بکرێت و پەیوەستی گەڕەکی دیکە نەبێت."
شەعبان محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای دهۆک بە رووداوی گوت، "نزیکەی ساڵ و نیوێکە لە ناوەندی قەزای ئامێدی و دوو شوێنی دیکە لە دهۆک ئەزموونی کارەبای 24 کاژێریی پریپەید دەکەین و سەرکەوتووبووە، کە ئێمە یەکەمین پارێزگا بووین ئەزموونمان کرد، بۆیە دەتوانین بڵێین ئێستا بە تەواوی ئامادەین بۆ پڕۆژەکە."
گوتیشی، "لەوکاتەوەی لە ناوەندی قەزای ئامێدی کارەبای 24 کاژێریی پریپەید ئەزموون دەکرێت، لۆد لەسەر کارەبا لە ناوەندی ئەو قەزایە بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە، بەجۆرێک کە پێشتر خواست لەسەر کارەبا 5 میگاوات بوو بەڵام ئێستا بۆ نزیکەی 2 میگاوات دابەزیوە."
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەم مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، پڕۆژەیەکی بەناوی (پڕۆژەی رووناکی) راگەیاند. کە ئامانج لە پڕۆژەکە "دابینکردنی کارەبای 24 کاژێریی نیشتمانییە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ