زیاتر لە 60 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران ماوەتەوە و نرخی بۆ دیاری دەکرێت

31-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەم ساڵ حکومەتی عێراق تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرنەگرت و بەشێکی گەنمی جووتیاران مایەوە. راوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە رێگەی لیژنەیەکەوە نرخ بۆ وەرگرتنی ئەو گەنمانە بە کۆمپانیا نێوخۆییەکان دیاری دەکرێت.
 
رزگار حەمەد خدر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیاتر لە 60 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک ماونەتەوە و وەرنەگیراون، کە دواتر لیژنەیەکی تایبەت نرخی ساخکردنەوەی بە کۆمپانیاکانی نێوخۆ دیاری دەکات."
 
لە هەموو پارێزگاکان بە رێژەی جیا گەنم ماوەتەوە. ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی 10 هەزار و 500 تۆن گەنمی جووتیارانی ماونەتەوە و بۆیان ساخ نەکراوەتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بۆ دانانی نرخێک بۆ ساخکردنەوەی گەنمی ماوەی جووتیاران، لیژنەیەک پێکهێندراوە بە سەرۆکایەتی دەستەی وەبەرهێنان و بەشداربوونی نوێنەرانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و پلاندان، دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.
 
پارەی شایستەی دارایی گەنمی جووتیاران بۆ ئەم ساڵ نزیکەی 590 ملیار دینارە. بەگوێرەی دوایین راگەیێندراوی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 21ـی ئەم مانگە نزیکەی 75 ملیار دینار پارەی گەنم دابەشکراوە و بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە بووە:
 
- سلێمانی و هەڵەبجە: 28 ملیار دینار
- هەولێر: 17 ملیار دینار
- دهۆک: 29 ملیار و 500 ملیۆن دینار
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریدا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و وەرگرتنەکە لە 6ـی حوزەیران دەستیپێکرد. بەپێی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم، بڕیار بوو لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن گەنم وەربگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەربگیرێت.
 
پار 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''