رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی میدیایی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی تورکیادا دوو شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە.
فەرهاد شامی، بەرپرسی میدیای هەسەدە ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، هێرشەکە لە ناوچەی تل حەمیس ئەمڕۆ ئەنجام دراوە.
گوتەبێژی هەسەدە دەڵێت، "فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر دوو ئۆتۆمبێل و خاڵێکی سەربازیی هێزەکانی ئێمەیان کردە ئامانج، لە کاتێکدا یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بۆ رزگارکردنی بریندارەکان هاتبوو. بەهۆی هێرشەکەوە دوو شەڕڤانمان شەهید بوون."
هێرشەکە لە کاتێکدایە، کەمتر لە دوو هەفتە ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، کە بڕیارە 11ی مانگی شەش بەڕێوەبچێت.
تاوەکو ئێستا سوپای تورکیا ئەنجامدانی ئەو هێرشەی لەئەستۆ نەگرتووە.
بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە پێگەیەکی بەهێزی هەیە و لەسەر ئەو بنچینەیەش تاوەکو ئێستا چەندین ئۆپەراسیۆنی زەوینی و ئاسمانی ئەنجامداوە و لە ئەنجامیاندا، هەرێمی عەفرین و ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی داگیرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ