مەحموود عوسمان: 7000 کەس لە پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەداناندا بەشدارن

31-05-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، 7000 کەس لە پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان بۆ سەرژمێریی گشتی بەشدار دەبن. گوتیشی، "دەبێت دڵنیا ببینەوە کادرەکانمان لە ئاستی عێراقدا بە تەواوی راهێندراون یان نا."
 
ئەمڕۆ هەینی 31-05-2024 لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی ئەزموونی دەستیپێکرد. مەحموود عوسمان، جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، پڕۆسەکە لە 14 رۆژدا دەکرێت، لە هەر پارێزگایەک، گەڕەکێکی شارنشین و چەند گوندێک وەکو نموونە هەڵبژێردراون.
 
مەحموود عوسمان گوتی، "ئەمە کارێکی ئەزموونییە، تاقیکردنەوە دەکەین بۆئەوەی بزانین کادرەکانمان لە ئاستی عێراقدا بە تەواوی راهێندراون، زانیاریی تەواویان لە پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان و سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان هەیە یان نا."
 
جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "دەبێت دڵنیا ببینەوە ئایا زانیاریی نێو ئەو تابلێتانەش کە بۆ پرۆسەکە بەکارهێندراون، دەگەنە ناوەندی سەرەکی لە بەغدا یان نا؛ بۆئەوەی هەر گرفتێکمان هەبێت، لەو 14 رۆژەدا چارەسەری بکەین."
 
بەپێی ئەو رێککەوتنەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەیکات، بەگشتی 120 هەزار مامۆستا بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە هەڵدەبژێردرێن، کە نزیکەی 15 بۆ 16 هەزار مامۆستای هەرێمی کوردستانن. مەحموود عوسمان دەڵێت، "7000 کەس لە پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەداناندا بەشدار دەبن، دواتر بۆ راهێنانی کادرەکانی دیکە بەکاردەهێندرێن."
 
ئەو مامۆستایانەی لەو پرۆسەیەدا گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت، بەشێکیان زیاتر لە چوار مانگ لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان کار دەکەن و بەشێکی دیکەیان چەند رۆژێکی کەم لە 15 رۆژ تێپەڕ ناکات، پاداشتی داراییشیان بۆ تەرخان کراوە.
 
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 20ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بکات، کە یەکێکە لە دیارترین پێداویستییەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی.
 
لە ساڵی 2009وە حکومەتی عێراق بەنیازە سەرژمێری بکات، بەڵام رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بەردەوام رێگر بووە لێی.
 
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2030دا دەگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند کەسێک لەکاتی راوەماسی دا

لە دەریاچەی وان دەستبەسەر زیاتر لە پێنج تۆن ماسیی قەدەخەکراودا گیرا

بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستانەکانی وانی باکووری کوردستان دەڵێت، لە 15ـی نیسانی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، دەستیان بەسەر پێنج تۆن و 650 کیلۆگرام ماسیی دارەخدا گرتووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە دەریاچەی وان راوکراون.