رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی لە شاری ئێلیهـی باکووری کوردستان دەڵێت، شارەکە پێویستی بە خزمەتە و کێ بتوانێت خزمەتی زیاتری خەڵک بکات، با ئەو کەسە وەکو سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردرێت.
فەرهاد ناسرئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکپارتی و یەکێک لە پێنج نوێنەرەکەی ئێلیهـ لە پەرلەمانی تورکیا، لەکاتی دەنگدانیدا بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە شارەکەیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد و گوتی، "ناوچەی ئێمە شوێنێکی خۆشە و ئێمەش دەمانەوێت خۆشتری بکەین."
فەرهاد ناسرئۆغڵو ئاماژەی بەوەش کرد، "دەمانەوێت ناوچەکەمان بۆ منداڵەکانمان و گەنجەکانمان بەرەپێش بچێت. بۆ ئەوەش خزمەتکردن لە شارەوانی خزمەتکردنی خەڵکە. کێ بتوانێت زیاتر خزمەت بکات، دەبێت ئەو کەسە ببێتە سەرۆکی شارەوانیی" ئێلیهـ.
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک بۆ پەرلەمان خۆی بەربژێر کردووە، بەڵێنی چەند پڕۆژەیەکی داوە بۆ کەمکردنەوەی نەبوونی هەلی کار، ئێستا فەرمان بۆ جێبەجێکردنیان دەرچووە و بودجەشیان بۆ تەرخانکراوە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، زیاتر لە 20 هەزار کەس دەتوانن لەو پڕۆژانەدا کاریان دەستبکەوێت.
فەرهاد ناسرئۆغڵو دەڵێت، "لە شەڕ و کوشتندا هیچ بەدەستنایەت. ئێمە لە 40 ساڵی رابردوودا دەردی زۆرمان چەشت. نامانەوێت گەنجی ئێمە بچێتە چیاکان یان بخرێتە زیندانەوە. ئێمە ئەم ناوچەیەی خۆمان زۆر خۆش دەکەین."
لەبارەی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئێلیهـ، پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی گوتی، هەڵبژاردن بە شێوەیەکی "ئازاد و دیموکراسی" بەڕێوەدەچێت و لە بانگەشەیشدا بێڕێزی بە هیچ بەربژێر و لایەنێک نەکرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دەستیپێکرد و 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ 50.59٪ی دەنگدەران ئافرەت و 49.41٪یشیان پیاون. لە هەڵبژاردنەکەدا، ملیۆنێک و 32 هەزار و 610 کەس بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن.
هەڵبژاردنەکە لە 30 گەورە شارەوانیی و 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ