رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، کەسێکیان بە تۆمەتی ساختەکردنی گرێبەستی کڕینی شوقە دەستگیر کردووە. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، کەسەکە بەو جۆرە مامەڵەی کردووە، گوایە شوقەی هەیە و دوای فرۆشتنی هەر شوقەیەک، بڕێک پارەی وەرگرتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی ئادار، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، "لەسەر سكاڵای چەند هاووڵاتییەك، لەلایەن نووسینگەی ساختەكاریی بەشی نەهێشتنی تاوانەوە تۆمەتبارێكی عەرەب دەستگیر كرا، كە هەستابوو بە ساختەكردنی گرێبەستی كڕینی شوقە."
سەرکەوت محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تۆمەتبارەکە نووسینگەی فرۆشتنی خانووی نییە، بەڵام گرێبەستی ساختە کردووە و خۆی کردووە بە خاوەنی شوقە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتیشی، ئەو کەسە بەو جۆرە مامەڵەی کردووە، گوایە شوقەکەی دەفرۆشێت یان بە کرێی دەدات و بڕێک پارەی وەکو پێشەکی وەرگرتووە.
تۆمەتبارەکە ناوی (ف. ع. ر)ە و لەدایكبووی ساڵی 1970یە، پێنج سکاڵای لەسەرە و بە بڕیاری دادوەر راگیراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پۆلیس، تۆمەتبار پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتر لەسەر هەمان دۆسیە دەستگیر كراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ