رووداو دیجیتاڵ
ژنێک لەبەردەم بانکی گەرمیان لە شاری کەلار، پێش وەرگرتنی مووچەکەی گیانی لەدەستدا.
ئاریا ئەنوەر، بەڕێوەبەری بانکی گەرمیان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێش دەستپێکردنی دەوام و کاژێر 07:40ی ئەم بەیانییە، ژنەکە تەندروستیی تێکچووە و پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە."
بە گوتەی ئاریا ئەنوەر، ژنەکە لە دەرەوەی بانکەکە و پێش دەستپێکردنی دەوام گیانی لەدەستداوە. گوتیشی، "بانک هێندە قەرەباڵخ نییە کە شتێكی لەو شێوەیە روویدابێت و بووبێتە هۆی گیانلەدەستدانی."
بەڕێوەبەری بانکی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، پۆلیسەکانی بانکەکە گوتوویانە، کە زانیویانە دۆخی ژنەکە باش نییە، پەیوەندییان بە کەسوکاریەوە کردووە و دواتر تەکسییان گرتووە بیگەیێننە نەخۆشخانە، بەڵام پێش گەیشتنی بە فریاکەوتن، گیانی لەدەستداوە.
ژنەکە بڕیار بووە ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینییەکەی لە بانکی گەرمیان وەربگرێت. هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ناوی ئامینە حوسێنە و تەمەنی 70 ساڵە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ