رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دوایین رۆژی تۆماری حیزب و لایەنە سیاسییەکانە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان. بەرپرسێک لە لقی هەولێری کۆمیسیۆن دەڵێت، تەنیا پارتی پەیوەندی پێوەنەکردوون بۆ بەشداریکردن.
13ی ئاداری 2024 دەرگەی تۆمارکردنی ناوی حیزب و لیستی بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە. دوای دوو جار درێژکردنەوە، ئەمڕۆ 31ـی ئادار دوایین دەرفەتە بۆ حیزبە سیاسییەکان.
فەرهاد ئەسعەد شێتنە، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کاژێر 03:00ی دوای نیوەڕۆ کاتی تۆمارکردنی ناوی بەربژێرانی حیزب و هاوپەیمانییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت."
فەرهاد ئەسعەد گوتی، "ئەمڕۆ پێشوازیمان لە پێنج لایەنی سیاسی کردووە. پێشتریش لایەنە سیاسییەکان سەردانیان کردووە. ئەوەی تاوەکو ئێستا وەکو تەنیا لایەن پەیوەندیی نەکردووە، پارتی دیموکراتی کوردستانە."
بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ و بزووتنەوەی گۆڕانیش شەوی رابردوو پەیوەندییان پێوە کردوون و رایانگەیاندووە کە لیستەکەیان ئامادەیە و پێشکێشیان دەکەن.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ دوو هاوپەیمانی پێکهێندراون. یەکێکیان (هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان)ـە و پێکهاتووە لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و محەممەدی حاجی مەحموود سەرۆکایەتی دەکات.
ئەوی دیکەیان هاوپەیمانیی (سەردەم)ـە کە پێکهاتووە لە پارتی رەنجدەرانی کوردستان، یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، پارتی پارێزگاران و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود سەرۆکی هاوپەیمانییەکەیە.
18ی ئەم مانگە پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
دوای بڕیارەکەی پارتی، هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ