رووداو دیجیتاڵ
لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بەشداری دەکات. لەبارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستانیشەوە، داوای لە سەرۆککۆمار، وەزیر و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا کرد، هەڵوێست وەربگرن.
رۆژی چوارشەممە 31-01-2024، لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی رایگەیاند، ''لەوانەیە کەموکوڕی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە هەبێت، بەڵام دەبێ سەرۆککۆماری عێراق، وەزیر و پەرلەمانتارابی کورد لە بەغدا، بەرامبەر بە نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەریمی کوردستان هەڵوێست وەربگرن، ناکرێ ئەم بێ هەڵوێستییەی ئەوان، بەردەوام بێت.''
حکومەتی عێراق پێشتر بڕی 700 ملیار دیناری بۆ دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان وەک قەرز دەنارد، بەڵام ئەو بڕەی کەمکردووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت سبەی 618 ملیار دینار بخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لاهوور شێخ جەنگی گوتی: ''دەبێ سەرۆککۆمار، وەزیر و پەرلەمانتارە کوردەکان لە بەغدا، لەپێناو دەستەبەرکردنی قووت و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان یەکبگرن و هاودەنگ بن.''
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە و مووچەی ئەم مانگە بەهۆی نەناردنی پارە لە بەغداوە دیار نییە کەی دابەش دەکرێ؛ ئەوە لەکاتێکدایە مانگانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچە.
وەکو لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت: ''هەمووکات لە بەغداوە نیازی خراپ بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە ئەوانەی محەممەد شیاع سوودانییان وەک سەرۆکوەزیران هێناوەتە سەر کار، کۆمەڵێک میلیشیای چەتەن، بۆیە هەر چاوەڕوانی ئەوەشیان لێ دەکرێت.''
''بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەم''
بڕیاربوو 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام 3ـی ئەم مانگە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسراوى فەرمى بۆ هەرێمى کوردستان کرد کە تێیدا ئاماژەى بەوەداوە، ناتوانێت لەو وادەیەی کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوە، هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیوەندی بە سکاڵایەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی هەیە، کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکیسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کراوە و تێیدا داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە کە پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
لاهوور شێخ جەنگی لەبارەی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، گوتی، ''بە لیست، بە شێوەی حیزب یان بە هەر جۆرێک بێت، بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەم، جارێ چاوەڕوانی کۆمیسیۆن دەکەم [بۆ دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی].''
دەنگۆیەک هەیە کە لاهوور شێخ جەنگی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لیستێکی پێکهێناوە، ئەو کەسایەتییە سیاسییە دەنگۆیەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: ''ئەمە دوورە لە راستی و لیستەکە هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە، بەڵکو هەندێک لە میدیاکان لە خۆیانەوە بڵاویان کردووەتەوە و ساختەیە.''
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتربوو، تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە. دواتر کۆتایی بە سیستمی هاوسەرۆکی لە حیزبەکەدا هێندرا و بافڵ تاڵەبانیش وەکو سەرۆکی یەکێتی دیاری کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ