رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چاوەڕێن سبەی 618 ملیار دینارەکەی بەغدا بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن. گوتیشی، ''ئێمە بۆ وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەران، هەرچی بیانووە بڕیومانە و دەنگۆی هەبوونی هەر گرفتێک [لە لیستی مووچەدا] بێبنەمایە.''
رۆژی چوارشەممە، 31-01-2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری سلێمانی، لەبارەی گەیشتنی 618 ملیار دینارەکە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، رایگەیاند، ''هەرچی لە دەستمان هاتووە کردوومانە و ئومێد دەکەین هەر بەربەستێک لە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستانە [چارەسەر بکرێت].''
پێشووتر تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە 28ـی کانوونى یەکەمى 2023ـدا نووسراوێکی ئاراستەى نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردبوو لە بەغدا، کە شەش تێبینى ئەو وەزارەتەى لە بارەى ژمارەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان تێدا باسکرابوو.
لە تێبینیەکاندا هاتووە، زانیارییان پێنەدراوە لەبارەى رەگەزى نێر و مێى مووچەخۆران لە هەرێمى کوردستان و ئەو زانیارییانەى پێیان دراوە، خشتەى ناونیشانى وەزیفی و پلەکانیان و پارەکانیان پێنەدراوە و تەنیا ژمارەى پلەى وەزیفییان پێدراوە و زۆربەى ئەو زانیارییانەى پێیان گەیشتوون بە زمانى کوردى بووە. ئاوات شێخ جەناب رەتیکردەوە هیچ گرفتێک لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا هەبووبێت و گوتی، ''هەرچی لەبارەی گرفتی لیستەکە گوتراوە، بێبنەمایە و ئێمە هەرچی بیانووە بڕیومانە.''
ئەو نووسراوەى وەزارەتى دارایی عێراق پشتى بەستووە بە نووسراوێکى دیوانى چاودێریی دارایی عێراق، کە لە 19ـی تشرینى یەکەمى 2023 داویەتییە وەزارەتى دارایی.
14ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بریاریدا بە ناردنی 618 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024ـدا، ئەوەش دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسانی دیکەی باڵای عێراق و لایەنە سیاسییەکان کۆبووەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت کێشەی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت.
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان گوتی، ''ئێستا لە بەیانییەوە چاوەڕوانی ئەوەین کە پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین.''
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، هەروەها ئەمڕۆش کە دوایین رۆژی مانگی کانوونی دووەمە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە نەکراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە داهاتی نێوخۆ ئەو کورتهێنانە پڕدەکاتەوە کە بەهۆی ناردنی پارە لە بەغدا دروست دەبێت، چونکە مانگانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ