ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر: کاک ئیدریس لە رۆژانی سەختی شۆڕش دا هەمیشە پێشڕەو بوو

31-01-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی دا رایدەگەیێنێت، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کوردستان "پیاوێکی مەزن و بە ئەمەک و تێکۆشەرێکی سەرسەختی کوردایەتی و سەرکردەیەکی ئاشتی و پێکەوەژیانی لەدەستدا" و دەشڵێت، "کاک ئیدریس لە رۆژانی سەختی شۆڕش دا هەمیشە پێشڕەو بوو."
 
ئیدریس مستەفا بارزانی ساڵی 1944 لە بارزان لەدایکبوو، کاتێک تەمەنی سێ ساڵ بوو، لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتەی عێراقەوە بۆ باشوور و نێوەڕاستی عێراق دوورخرایەوە و لەوێ ژیانێکی سەختی دوور لە نیشتمانی بەسەربرد.
 
كاژێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی 31ـی مانگی 1ـی 1987؛ ئیدریس مستەفا بارزانی لە گوندی سلیڤانای سەربە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان ماڵئاوایی دەكات و لە گۆڕستانی شاری شنۆ لە تەنیشت باوكی دەنێژرێت. دوای راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری گواستنەوەی تەرمی مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی دا و لە رۆژانی 6 تاوەكو 8-10-1993 لە رێوڕەسمێكی تایبەت تەرمی هەردووكیان، لەنێو پێشوازییەكی خەڵكی كوردستان، گەیێندرانە گوندی بارزان و لەوێ نێژران.

 

 
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە، 31-01-2023، لە 36 ساڵەی ماڵئاویی ئیدریس بارزانی دا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە یادی 36 ساڵەی ماڵئاوایی سەرکردە و تێکۆشەری کوردستاندا سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین لە ئاستی رۆحی بەرزەفڕی سەرکردە ئیدریس بارزانی و سەرجەم شەهیدانی رێگەی سەربەخۆیی کوردستان."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەم یادەدا باسی لەوەش کردووە، "بەداخەوە لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ و 36 ساڵ پێش ئێستا کاروانی کوردایەتی پیاوێکی مەزن و بە ئەمەک و تێکۆشەرێکی سەرسەختی کوردایەتی و سەرکردەیەکی ئاشتی و پێکەوەژیانی لەدەستدا." دەشڵێت، ئیدریس بارزانی "لە رۆژی سەختی شۆڕشدا هەمیشە پێشڕەو و، سەرقافڵەی هێزی پێشمەرگە و گیانفیدابوو، پەروەردەی سەرکردەی کوردستان و سەروەری شەهیدان مەلا مستەفای بارزان بوو. سڵاو لە رۆحی پاکی سەروەری شەهیدان و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد و سەرجەم سەرکردەکانی گەل و نیشتمان کە تەواوی ژیانیان بەخشی بە کوردستان."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە