رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانانی شاری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە 'هەڵمەتی زاگرۆسانە'ی ئەم ساڵدا بۆ رواندنی دار چوونە کێوی ناڵەشکێنە و سەتان نەمامیان رواند.
ئەمڕۆ شەممە، 30/11/2024، ئەندامێکی ئەنجوومەنی (سرووشتی شارەکەم بۆکان) بە رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ لە ساڵیادی لەدایکبوونی هونەرمەند حەسەن زیرەک (29ی تشرینی دووەم) و لە چوارچێوەی هەڵمەتی زاگرۆسانەدا سێ هەزار نەمام لە کێوی ناڵەشکێنە بە بەشداری هەموو کەسایەتی و چێن توێژەکانی شاری بۆکان روێندران. نەمامەکان بە ناوی ئەو کەسانە کران کە بەشداربوون".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەشکرد، نەمامەکان زیاتر لە رووەکەکانی بادام، سنجوو، دارەبەن و بەڕوو بوون.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنەکە گوتی، دوو ساڵە ئەو هەڵمەتە لە شارەکە بەڕێوە دەچێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە نەمامەکان وەک رێزگرتنێک بوون بۆ 7 شاخەوانی پارێزگای ورمێ بوون، لەوانە موقبیل هونەرپەژوو و محەممەد هەوراز.
چالاکیی زاگرۆسانە لە ساڵی 2018ـەوە لەو ناوچانە دەکرێت کە چیای زاگرۆس پێیاندا تێپەڕ دەبێت.
ژینگەپارێزانی بۆکان دەڵێن، هەڵمەتی ئەم ساڵیان هۆکارێکی دیکەشی هەیە، ئەویش زۆربوونی ئاگرکەوتنەوەیە لە دارستانەکانی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ